50 مامۆستا ڕەخنە لە ڕێنووسی بەشێک لە پرۆگرامەکانی پەروەردە دەگرن

چاپی نوێی ژمارەیەک لە کتێبەکانی پرۆگرامی خوێندن بە تایبەت بابەتی زمانی کوردی ناڕەزایەتیی ژمارەیەک لە مامۆستایانی لێکەوتوەتەوە و زیاتر لە 50 مامۆستا لە نامەیەکی کراوەدا ڕەخنە لە شێوازی ڕێنووسی یەکێک لەو کتێبانە دەگرن.
حەسەن سەرتیپ جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، بەداخەوە کورد ئێستا بووەتە دوو قوتابخانە، بەڵام ئەمە لە ئەستۆی ئەکادیمیای کوردییە دەبوو ئەم شێوازانەی یەکلایی بکردبایەوە بۆ ئێمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بڕیارمان داوە دوای ئەم ڕەخنانە بچین بۆ ئەکادیمیای کوردی و ستایلنامەی خۆمان پیشان دەدەین و دواتر دەکرێت لە ڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ستایلنامەیەک گشتگیر بکرێت نەک تەنیا بۆ پرۆگرامی خوێندن بەڵکوو بۆ تابلۆکانی سەر شەقامەکان و ڕاگەیاندنیش.
هەروەها حەسەن سەرتیپ ڕوونیشی کردەوە، کە دوای ئەم پرۆگرامە نوێیەی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە، جیاوازی نێوان خوێندنی حکوومی و ناحکوومی بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو کەم بووەتەوە.
لەلای خۆیەوە، حەمە سەعید حەسەن، سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئاگاداری ئەو بابەتەین و یەکێک لە ڕەخنەکانیان بریتییە لە قەڵاچۆکردنی (وو) لەنێو کتێبەکانی وەزارەتی پەروەردە، بەڵام لە ڕاستیدا قەڵاچۆ نەکراوە و تەنیا کەمتر بەکارهاتووە لە هەندێک لە کتێبەکاندا و ڕای ئەکادیمیای کوردی وایە کە (وو) دەنگێکی تایبەتییە لە زمانی کوردی و پێویستە بنووسرێت."
لەسەر پلانی وەزارەتی پەروەردە، 60%ی پرۆگرامەکانی خوێندن گۆڕدرا و زۆرترین کتێب بە دیزاین و ناوەرۆکەوە گۆڕانکاری تەواویان تێداکراوە و هەوڵی ئەوەش دراوە سەرجەم گۆڕانکارییەکان بە گوێرەی ستاندارە نێودەوڵەتیەکان بێت.