سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بۆ پرسی باج دەچێتە واشنتن

ناکۆکییەکانی پرسی بازرگانی سەپاندنی باج لە نێوان ئەمەریکا و کەنەدا هێشتا چارەسەر نەکراوە، بڕیارە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بچێتە واشنتن و لەگەڵ ترەمپ ڕووبەڕوو ئەم کێشە ئابوورییە چارەسەر بکات.

ئەمڕۆ هەیینی 3ی تشرینی یەکەمی 2025، حکوومەتی کەنەدا ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی بۆ واشنتن بڵاوکردەوە و ئاماژەیداوە، مارک کارنی ڕۆژی سێشەممە 7ی ئەم مانگە سەردانی واشنتن دەکات بۆ گفتوگۆکردن لە گەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی باجی گومرگی و تاوتوێکردنی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنیەکان.

ئەمە دووەم سەردانی سەرۆک وەزیرانی کەنەدایە بۆ کۆشکی سپی دوای هەڵبژاردنی لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، بەڵام ئەو شەڕە ئابوورییەی ئیدارەی ترەمپ دەستی پێکرد، کاریگەریی نەرێنی لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دروست کردووە.

کەنەدا کە هاوبەشە سەرەکیەکەی ئەمەریکایە لە بواری ئابووری، بەرهەمی ناوخۆی بە ڕێژەی لە %1.5 کەمی کردووە، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵیشدا بڕی هەناردەی بە ڕێژەی لە %27 لە کورتی داوە.

دۆناڵد ترەمپ باجی گومرگی لە سەر هەندێک بەرهەمی کەنەدا داناوە کە بە گوێرەی ڕێککەوتننامەی ئازادی نێوانیان ئەو بەرهەمانە باجی گومرگی نایانگرێتەوە.

ئەم ڕێککەوتنە لە ساڵی 2020ـەوە کاری پێدەکرێت، کە مەکسیکیش دەگرێتەوە، وابڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا لە لایەن هەرسێ وڵاتەکەوە پێداچوونەوە بە ڕێککەوتننامەکەدا بکرێت، بەڵام ترەمپ هیوادارە پێداچوونەوە بەو ڕێککەوتننامەیەدا بکاتەوە، بەو ئامانجەی مەرجی باشتر بۆ بەرهەمهێنەرانی وڵاتەکەی مسۆگەر بکات.

 
Fly Erbil Advertisment