دوای هەشت مانگ گفتوگۆی نهێنی سوپەرلیگ پێشنازێکی پێشکەشی یوێفا کردووە

داوا دەکات یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بەخۆڕایی پەخش بکرێن

کێبڕکێی چامپیۆنزلیگ و سوپەرلیگ
کێبڕکێی چامپیۆنزلیگ و سوپەرلیگ

سوپەرلیگ هێشتا نەمردووە و ئەمجارەیان سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە داوا دەکەن چامپیۆنزلیگ هەر بەناوی خۆی بەردەوام بێت، بەڵام چەند گۆڕانکارییەکی تێدا بکرێت. دوای هەشت مانگ گفتوگۆی نهێنی، سوپەرلیگ پێشنیازێکی پێشکەشی یوێفا کردووە بۆ ئەوەی چەند گۆڕانکارییەک لە سیستەمی بەڕێوەبردنی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بکرێت، کە ماوەیەکی زۆرە هەردوولا بە نهێنی لە گفتوگۆدان.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، سوپەرلیگ دوایین پێشنیازی خۆی پێشکەشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا کردووە بۆ ئەوەی لە ساڵی 2027ـەوە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بە سیستەمێکی نوێ بەڕێوە بچێت، کۆمپانیای A22 دوای چەندان کۆبوونەوەی نهێنی لەگەڵ یوێفا لەبارەی پڕۆژەی سوپەرلیگ، پێشنیازی کۆتایی خۆی بۆ گۆڕانکاریکردن لە چامپیۆنزلیگ پێشکەش کردووە.

رۆژنامە کەتەلۆنییەکە رایگەیاندووە، بەگوێرەی پێشنیازەکەی سوپەرلیگ، خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا هەر لەژێر ناوی خۆی بەردەوام بێت، بەڵام گۆڕانکاریی لە سیستەمی بەڕێوەبردنی خولەکەدا بکرێت، خولەکە بە بەشداریی 36 یانە بەڕێوە بچێت و دابەشی سەر دوو کۆمەڵە بکرێن، بەگوێرەی پۆڵێنی یوێفا 18 یانەکەی یەکەم هەشت یاریی بکەن، بەمەش لە نێوان یانە گەورەکان چەندان رووبەڕووبوونەوەی بەهێز دەکرێن، خاوەنی پلەکانی یەکەم تا هەشتەم راستەوخۆ بگەنە قۆناخی 16.

ئەو 18 یانەیەی دووەم کە دەکەونە کۆمەڵەی دووەم، واتە لە پلەی 19 تاوەکو 36 ئەوانیش یاریی لەگەڵ یەکتریدا بکەن و ئەوانیش ناسنامەی هەشت بلیتەکەی دیکەی قۆناخی 16 یەکلایی بکەنەوە.

کۆمپانیای A22 پێشنیازی کردووە، ناوی چامپیۆنزلیگ نەگۆڕدرێت و هەر بەو ناوە بەردەوام بێت، بەڵام شێوازی پەخشی خولەکە بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی زۆرترین کەس بتوانن بەخۆڕایی سەیری یارییەکان بکەن، بەگوێرەی پێشنازەکە یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بەخۆڕایی پەخش بکرێن، بەڵام بەو مەرجەی ریکلام لەناو یارییەکان بکرێن، بۆ ئەو کەسانەشی دەیانەوێت بەبێ ریکلام سەیری یارییەکان بکەن، بتوانن بەشداریی پاکێجی Premium بکەن، بۆ ئەوەی بەبێ ریکلام لە بەرامبەر پێدانی بڕێک پارە سەیری یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بکەن.

پڕۆژەی سوپەرلیگ ساڵی 2021  لەلایەن 20 یانەی گەورەی ئەوروپاوە راگەیاندرا، بەڵام دواتر لەژێر فشار زۆربەی یانەکان لەو پڕۆژەیە کشانەوە و تەنیا ریال مەدرید و بارسێلۆنا ماونەتەوە، کە فلۆرێنتینۆ پێرێز بە خاوەن و سەرۆکی ئەو پڕۆژەیە و دۆزەرەوەی بیرۆکەکە دادەنرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment