بڕیارێکی ئێران شۆفێرانی کوردی مەرزی کێلێ توڕە دەکات

شۆفێرە کوردەکانی مەرزی کێلێ دژی بڕیارێکی ئێران مانیان گرت و نەچوونە خاکی ئەو وڵاتەوە بۆ ئەوەی کاڵا و شتومەک هاوردە بکەن.
بەپێی بڕیارەکەی ئێران، هەر بارهەڵگرێک لەبازاڕچەی سەردەشت بار باربکات، دەبێت بارەکەی لەسەر قەپانەوە بڕوات و 20 هەزار دینار بدات کە پێشتر ئەوە نەبووە. بەو هۆیەوە شۆفێرانی کورد ئەمرۆ مانیانگرت و باریان بارنەکردووە .
لەو بارەوە شۆفێرانی مەرزی کێلێ بە کوردستان24 یان ڕاگەیاند، ئۆتۆمبێلی ئێمە لە شەقامی ئێران ناڕوات لەسەر سنوور راستەوخۆ داخڵی خاکی کوردستان دەبینەوە بۆ دەبێت پارەی کێش و قەپانمان لێوەربگرن.؟
ئاماژەیان بەوەشکرد، ئێمە لە خاکی هەرێمی کوردستان بارەکانمان دەخەینەوە سەر قەپان و تەنیا هەزار دینارمان لێ وەردەگرن.
دەشڵێن: پێشتر لەبازاڕچەی سەردەشت قەپان نەبووە، دواتر دایاننا و پارەیان لێ وەرنەدەگرتین، ئێستا دەڵێن هەر بارهەڵگرێک دەبێت 20 هەزار دینار بدات، ئەوەش بۆ ئێمە زۆرە و ناتوانین ئەو پارەیە بدەین، بۆیە ئەمرۆ مانمان گرتووە و بارمان بارنەکردووە .