گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ڕاگەیەنراوەکەی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی کەنداو بێبنەمایە

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بانگەشە بێبنەماکانی نێو ڕاگەیەنراوە هاوبەشەکەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاریکاریی کەنداو و یەکێتیی ئەورووپای بە دەستوەردانێکی ناڕەوا لە کاروباریی بەرگریی ئێران و دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران لەقەڵەم دا.
سێشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا' بڵاوی کردەوە "ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هۆشداریی لە دەستوەردانی تێکدەرانەی هەندێک وڵاتی ئەورووپایی لە کاروباری ناوچەی کەنداو، دا."
بەقایی گوتی: ڕاگەیەنراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاریکاریی کەنداو و یەکێتیی ئەورووپا، بانگەشەی بێبنەما و ناڕاستی تێدایە، وەک بانگەشە دووبارەکانی ئەمارات سەبارەت بە خاوەندارییەتی سێ دوورگە ئێرانییەکە، تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبو مووسا؛ هەروا دەستتێوەردانی ناڕەوا لە کاروباری بەرگریی و دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختی لەوە کردەوە "فەرمانڕەوایی بێڕکابەر و هەمیشەیی ئێران لەسەر دوورگە ئێرانییەکانی تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبو مووسا، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خاکی ئێرانە. ئەو بانگەشە بێبنەما و دووبارانە هیچ بەهایەکی یاساییان نییە و ناتوانن واقعی جوگرافی و ڕاستیی مێژوویی بگۆڕن."
بەقایی، ئامۆژگاری وڵاتانی کەناراوەکانی باشووری کەنداو کرد بەوەی ڕێگریی لە دەستوەردانی خراپکارانەی لایەنی سێیەم بگرن و پەیوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل پەرە پێ بدەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وێڕای ئیدانەکردنی ئاژاوەگێڕیی هەندێک لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، لەوانە ئەڵمانیا و فەرەنسا، کە جگە لە پشتیوانی هەمەلایەنەیان لە ئیسرائیل وەک تەنها خاوەنی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا، خواست و ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان بەسەر یەکێتیی ئەورووپادا دەسەپێنن؛ گوتی: دەستوەردانی نابەجێی یەکێتیی ئەورووپا لە کاروباری ناوچەی کەنداو و دەریای عومان یارمەتی چارەکردنی ناکۆکی و کێشە ناوخۆییەکانی ئەم کیشوەرە نادات، بەڵکو تەنها سیاسەتی دووڕووانە و ئاژاوەگێڕانەیان لە ناوچەی کەنداودا نیشان دەدات.
بەقایی، بانگەشە بێبنەماکانی نێو ڕاگەیەنراوە هاوبەشەکەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاوکاریی کەنداو و یەکێتیی ئەورووپای بە دەستوەردانێکی ناڕەوا لە کاروباریی بەرگریی ئێران و دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران لەقەڵەم دا و گوتی: ئەو لایەنانەی کە لە لایەکەوە بە کڕین و فرۆشتنی سەدان ملیار دۆلار چەکی جۆراوجۆر، ناوچەکەمانیان کردۆتە کۆگایەکی گەورەی پێشکەوتووترین چەکە وێرانکەرەکان و لە لایەکی دیکەوە بە بێهەڵویستیی بەرانبەر بە دەسەڵاتخوازی ئیسرائیل و پشتیوانیی هەمەلایەنەی سەربازی و سیاسی لێی، ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیایان تووشی شەڕێکی بێکۆتایی کردووە، بە هیچ شێوەیەک شایستەیی ئەوەیان نییە لەسەر توانا بەرگرییە ناوخۆیی و خۆماڵییەکانی گەلی ئێران، قسە بکەن.