سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات کۆدەبێتەوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات لە شاری ئەبوزەبی دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ هەینی 5ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئیمارات، لە شاری ئەبوزەبی، لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو کۆبووەوە.
هاوکات مەسرور بارزانی، لەو بارەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: "خۆشحاڵبووم جارێکی دیکە چاوم بە برای بەڕێزم خاوەنشکۆ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی ئیمارات کەوتەوە."
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کرا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: مەسرور بارزانی، سوپاسی پشتگیری و هاریکاریی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوو لایەنە دووپات کردەوە. هەروەها دانانی نێردەیەکی ئیماراتی، تایبەت بە کاروباری ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.
هەروەها ئاماژەشی داوە، هەر دوو لا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە هەموو بوارەکاندا.




