پیشەسازی لە كشانەوەی لە خولی نایابی كوردستان پەشیمان دەبێتەوە
چاوەڕوانی رەزامەندی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان دەكەن

یانەی پیشەسازی دوای دوو هەفتە لە بڕیاری كشانەوە لە خولی نایابی كوردستان پەشیمان دەبنەوە و ئەگەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان رەزامەندی بدەن ئامادەن بەشداریی وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان بكەن.
كارگێری یانەی پیشەسازی لە رۆژی 23ـی مانگی رابردوو لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی دا رایانگەیاند بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانن بەشداریی لە وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان بكەن، جەختیان لەوەش كردەوە هیچ لایەك ئامادەنەبوونە پاڵپشتی دارایی یانەكە بكەن.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان رۆژی دووشەممەی رابردووی وەكو دوایین وادە بۆ سەرجەم یانەكانی خولی نایابی كوردستان دیاری كرد بوو بۆ ئەوەی ناوی خۆیان بۆ بەشداریكردن یەكلایی بكەنەوە، پیشەسازی یەكێك بوو لەو یانانەی سوور بوو لەسەر ئەوەی ناتوانێت بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی دارایی پێویست بەشداریی لە خولەكە بكات.
لە بەرامبەردا فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان هەفتەی رابردوو لە بەیاننامەیەكدا كشانەوەی یانەكانی هەڵۆ، برایەتی و پیشەسازی پەسەند كرد و رایگەیاند وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان بە بەشداریی 11 یانە بەڕێوە دەچێت.
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، یانەی پیشەسازی بودجەی بۆ بەشداریكردنی لە خولی نایابی كوردستان بۆ دابینكراوە و ئامادەن بەشداریی لە خولەكە بكەن و چاوەڕێی رەزامەندی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان دەكەن بۆ بەشداریی لە خولەكە بكەن.
یانەی پیشەسازی لە 2006 دامەزراوە و 19 ساڵە لە چالاكییە وەرزشییەكانی بەردەوامە، لە نێوان ساڵانی 2022 تا 2024 بەبێ ئەوەی هیچ یارییەك بدۆڕێنێت قۆناغەكانی خولی پلەدوو و پلەیەكی بڕی و بۆ خولی نایابی كوردستان سەركەوت، پیشەسازی وەرزی رابردوو بە زەحمەت مانەوەیان لە خولەكە مسۆگەر كرد و لە ریزبەندی یازدەیەمین كۆتایی بە وەرزەكە هێنا.
