تیروپشكی جامی عێراق رادەكێشرێت
32 یانە بانگهێشتی بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەكرێن

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بانگهێشتی 32 یانەی بەشداربووی خولی ئەستێرەكانی عێراق و نایابی عێراق دەكات بۆ ئامادەبوون لە تیروپشكی جامی عێراق بۆ وەرزی 2025 ـ 2026.
ئەمڕۆ سێشەممە، 7 ئۆكتۆبەری 2025، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بەیاننامەیەكدا داوای لە 32 یانەی خولی ئەستێرەكانی عێراق و نایابی عێراق كردووە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو كە دەكات 9ـی ئەم مانگە لە كاتژمێر 11:00ـی بەیانی لە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بەغدا ئامادە بن بۆ ڕێوڕەسمی راكێشانی تیروپشكی قۆناغی 32ـی جامی عێراق بۆ وەرزی 2025 ـ 2026.
لە قۆناغی 32ـی جامی عێراق یانەكانی هەولێر، پێشمەرگەی سلێمانی و گازی باكووری شاری كەركووك بەشدارن، لە قۆناغی 16ـی پاڵەوانێتییەكە یانەكانی دهۆك، زاخۆ و نەورۆزیش دێنە نێو كێبڕكێی جامی عێراق. بڕیاریشە یارییەكانی جامی عێراق لە رۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگە دەست پێ بكات.
یانەی دهۆك وەرزی رابردوو بووە یەكەمین یانەی كوردستانی نازناوی جامی عێراقی بردەوە كاتێك لە یاریی كۆتایی لە بەغدا توانی بە لێدانە یەكلاكەرەوەكان لە زاخۆ بباتەوە.


