كریستیانۆ بووە یەكەمین یاریزان لە مێژوودا دەبێتە ملیاردێر

كریستیانۆ پێش مێسی و بێكهام كەوتەوە

كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی نەسری سعوودیە
كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی نەسری سعوودیە

کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووە یەکەم یاریزانی تۆپی پێ لە مێژوودا ببێتە ملیاردێر، ئەم پیاوە پۆرتوگاڵییەکە سەروەت و سامانەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە 1.4 ملیار دۆلار و هیچ یاریزانێکی تۆپی پێ نییە سەروەت و سامانەکەی هێندەی دۆن بێت.
پێگەی بەناوبانگی بلوومبێرگی ئەمریکی کە تایبەتە بە ئابووری و دانانی لیستی کەسایەتییە دەوڵەمەندەکانی جیهان، ئاشکرایکردووە سەروەت و سامانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری پۆرتوگاڵی گەیشتووەتە ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار، بەمەش هێرشبەرەکەی نەسڕی سعوودی بەفەرمی دەبێتە یەکەم یاریزانی تۆپی پێ ببێتە ملیاردێر و سەروەت و سامانەکەی بەپێش لیۆنێل مێسی و دەیڤد بێکهام و ئەستێرەکانی دیکە کەوتووەتەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە لەوەتەی سەرەتای ساڵی 2023 پەیوەندی بە نەسڕی سعوودی کردووە، زیاتر چووەتە ناو کاروباری بازرگانی و لە سعوودیەش خاوەنی مووچەیەکی خەیاڵییە، کە گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2027 لەگەڵ نەسڕ نوێکردووەتەوە.
دۆن جگە لە لاکێشەی سەوز لە دەرەوەی لاکێشەی سەوزیش خەریکی پارە پەیداکردنە، هەفتەی رابردوو لە شاری ریاز یەکێک لە گەورەترین سەنتەرەکانی چاندنەوەی قژی کردەوە و بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاکانی سعوودیەش ٪20ـی پشکەکانی یانەی نەسڕی سعوودی کڕیوەتەوە و میدیاکانی میسریش دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە، دۆن نیازی هەیە بەشێک لە پشکەکانی یانەی زەمالیکی میسری بکڕێتەوە و لە ئەفریقاش دەست بە کاری وەبەرهێنان بکات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەروەت و سامانەکەی هێندە زۆرە، تەنیا بە پازدە چرکە 229 دۆلار دەچێتە سەر حیسابەکەی، جگە لەوەی زنجیرەیەک هۆتێڵی بەناوبانگی لە سەرانسەری جیهان هەیە، خاوەنی فڕۆکەی تایبەت بەخۆیەتی.
كریستیانۆ رۆناڵدۆی 40 ساڵ، لە هاوینی 2023 لە یانەی مانچێستەر یونایتدەوە روویكردە یانەی نەسری سعوودیە و گرێبەستەكەی لە 2027 لەگەڵ ئەو یانەیە كۆتایی دێت و ساڵانە 208 ملیۆن یۆرۆ لە یانە سعوودییەكە وەردەگرێت.

 

 
Fly Erbil Advertisment