حه‌سه‌ن جه‌باری: په‌كه‌كه ئه‌جێندای نه‌یارانی گه‌لی كورد له دژی هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كات
ده‌ستخۆشی له سه‌ركه‌وتنی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بۆ شكستپێهێنانی پیلانگێڕییه‌كانی په‌كه‌كه ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
چاودێرێكی سیاسی ئامانجی په‌كه‌كه له پیلانگێڕییه‌كانی بۆ تێكدانی ئارامی و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ڕوو و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، په‌كه‌كه په‌یڕه‌وی سیاسه‌تێكی نه‌یارانه دژ به قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ئامانجه‌كه‌ی له‌و پیلانڕێژیانه له نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیبوون دووره، ده‌ستخۆشیش له سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له شكستپێهێنانی چه‌ند هه‌وڵێكی تێكده‌رانه له دژی هه‌رێمی كوردستان كرد.
حه‌سه‌ن جه‌باری، شرۆڤه‌كاری سیاسی له‌كاتی میوانداری له بڵاوكراوه‌ی ده‌نگوباسی كوردستان24 گوتی: ئه‌و هه‌نگاوه‌ی هێزه‌كانی ئاسایشی كوردستان جێگه‌ی ده‌ستخۆشین و ئه‌و كاره‌ی ئه‌وان نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و دامه‌زراوه‌یی ده‌ڕوات و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان زۆر چالاكن و گرنگیی به پاراستنی گیانی هاووڵاتیان ده‌ده‌ن.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و هه‌نگاوه ده‌رهاوێشته‌ی گرنگی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و نێوده‌وڵه‌تیش ده‌بێت و به‌ڵگه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی ئارامه بۆ نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان.
سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ش، كه بۆچی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته ئامانج؟ ئه‌و شرۆڤه‌كاره سیاسییه گوتی: له‌كاتێكدا ئێستا خه‌ریكه حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر پرسی مادده‌ی 140 رێكده‌كه‌ون و پرسی شنگالیش هاتووه‌ته پێشه‌وه، بۆیه نه‌یارانی ئه‌و پرۆسه‌یه و نه‌یارانی ئاشتی و ئه‌وانه‌ی نایانه‌ویت هه‌رێمی كوردستان ئارام و سه‌قامگیر بێت و ئابوورییه‌كه‌ی به‌ره‌وپێش بچێت، هه‌موو هه‌وڵێك بۆ تێكدانی دۆخه‌كه ده‌ده‌ن.
حه‌سه‌ن جه‌باری گوتیشی: ده‌بوایه په‌كه‌كه وه‌ك هێزێكی نیشتمانی، نه‌ته‌وه‌یی و كوردپه‌ره‌وه‌ر كار بكات و ئاگاداری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كوردستان بایه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستی بۆ پیلانڕێژی له دژی هه‌رێمی كوردستان نه‌بردایه، چونكه هه‌رێمی كوردستان جێگای شانازی هه‌موو تاكێكی كورده له هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان.
جه‌ختیشی كرده‌وه، هه‌ر لایه‌نێك كوردی خۆشبوێت و سه‌ركه‌وتنی كوردی بوێت، به‌ر له هه‌موو شتێك كار بۆ ئه‌وه ده‌كات له ته‌بایی و ئاشتی هاوكار بێت، نه‌ك پیلانگێڕی له دژی هه‌رێمی كوردستان و گه‌لی كورد بكات و هه‌وڵی تێكدانی ژیانی خه‌ڵك بدات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هه‌ر له كاتی دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه له ساڵی 1992، هێزه سیاسییه‌كان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام هه‌وڵی جددییان داوه، بۆ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه بچێته‌وه شوێنی خۆی و له‌سه‌ر خاكی خۆی موماره‌سه‌ی سیاسه‌ته‌كانی بكات، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه، وه‌ك چۆن حكومه‌تی به‌عس بووه هۆی چۆڵكردنی دێهاته‌كانی كوردستان و گه‌لی كوردی تووشی هه‌زاران نه‌هامه‌تی و مه‌ینه‌تی كرده‌وه، په‌كه‌كه‌ش به هه‌مان شێوه له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی په‌یڕه‌وی پیلانێكی هاوشێوه ده‌كات و نه‌خشه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌یان هه‌یه. بۆیه وه‌ك جه‌ختی كرده‌وه، پێویسته سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه به‌خۆیدا بچێته‌وه و په‌یڕه‌وی سیاسه‌تێكی عه‌قڵانه بكات، چونكه ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێستا په‌یڕه‌وی ده‌كات و نه خزمه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نه به ناوچه‌كه‌ش ناكات.
سه‌باره‌ت به دۆخی شنگالیش حه‌سه‌ن جه‌باری گوتی: په‌كه‌كه له شنگال بووه‌ته كێشه و ئه‌و پیلانگێڕیه‌ی په‌كه‌كه زۆر مه‌ترسیداره و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان قبوڵی ناكات، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و كۆسپانه‌ی په‌كه‌كه له سنووری شنگال درووستی كردوون، چ له‌سه‌ر ئاستی رێگریكردن له گه‌یشتنی خزمه‌تگوزاری، یان ئاوه‌دانكردنه‌وه، یاخود رێگری له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی شنگال بۆ سه‌ر زێدی خۆیان.
جه‌باری دووپاتیكرده‌وه، سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له شكستپێهێنانی ئه‌و هه‌وڵانه خۆی له‌خۆیدا سه‌رچاوه‌ی ره‌مزی و مرۆیی گه‌وره‌ی هه‌رێمی كوردستانه، بۆیه په‌كه‌كه به‌و جۆره كرده‌وانه نیشانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پرسیار ده‌خاته سه‌ر خۆی، له‌وه‌ی كه به هێزێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی سه‌یر بكرێت.
سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ش كه بۆچی په‌كه‌كه پلانه‌كانی له‌ناو خاكی توركیا جێبه‌جێ ناكات و ده‌یه‌وێت له‌ناو هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پلانانانه‌ی جێبه‌جێ بكات، حه‌سه‌ن جه‌باری گوتی: من پێموایه په‌كه‌كه ئه‌و ده‌سه‌ڵات و توانایه‌ی نییه ململانێكانی له‌شوێنی خۆی بكات، بۆیه ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین كه په‌كه‌كه ئه‌جێندای نه‌یارانی گه‌لی كورد جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌گینا ئه‌وه هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێت، كه وێڕای ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه دارایی و ته‌ندروستییه‌ی به‌رۆكی عێراق و جیهانی گرتووه، په‌كه‌كه هه‌وڵ بدات ئه‌و پلانه له هه‌ولێر جێبه‌جێ بكات و ئارامی خه‌ڵكی كوردستان تێكبدات.
هه‌روه‌ها گوتی: هه‌موومان ده‌زانین كه عێراق به گه‌وره‌ترین قه‌یرانی دارایی، ئابووری، مووچه و په‌تای كۆرۆنادا گوزه‌ر ده‌كات و تاكه پارچه كه سه‌قامگیر بێت و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان بتوانن كاره‌كانی تێدا به ئارامی رایی بكه‌ن، هه‌رێمی كوردستانه، بۆیه به‌و پیلانگێڕیانه‌ی په‌كه‌كه‌وه دیاره، كه ئامانجێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی نییه.
ئه‌م گوتانه‌ی حه‌سه‌ن جه‌باری دوای ئه‌وه هاتوون، ئه‌مڕۆ دووشەممە، (26ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2020) ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه و تێیدا رایگه‌یاند، ژمارەیەک هێرشی تێکدەرانەی لە هەرێمی کوردستان پووچەڵکردووەتەوە، کە بەشێکیان لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پیلانیان بۆ داڕێژراوە و، ویستوویانە کاری تێکدەرانە بکەن و چەند بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان بەئامانج بکەن".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتبوو: "هەندێک لە پیلانداڕێژەرانی ئەم هەوڵانە، پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی عێراق و دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپا هەیە و لەلایەن ئەوانەوە ئاراستەکراون. ئەو کەس و لایەنانەی بڕیار بوو بکرێنە ئامانجی ئەم هێرشە تیرۆریستیيانە، ئاگادارکراونەتەوە و رێکاری پێویستیش، لەپێناو پاراستنی دیپلۆماتکاران و خاوەنکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر".
لە راگەیەندراوەکەدا وردەکاریی سێ کەیس ئاشکراکراوە و ئەنجوومەنی ئاسایش لەڕێگەی ئینتەرپوولەوە داوای هاوکاری لە هاوکارە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی لەو کەیسانە تێوەگلاون و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن.
کەیسەکان بەگوێره‌ی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێكهاتوون له كه‌یسی په‌لاماردانی كونسوڵخانه‌یه‌ك و ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای سه‌ر به‌و وڵاته‌ی كونسوڵخانه‌كه‌ی ده‌كرێته ئامانج و له‌و كه‌یسه‌دا (12) كه‌س گومان‌لێكراو هه‌ن، كه سه‌رجه‌میان په‌یوه‌ندیان به په‌كه‌كه‌وه هه‌یه.
كه‌یسی دووه‌م، كه ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش پووچه‌ڵیكردووه‌ته‌وه، هه‌شت كه‌س پیلانیان داڕشتووه، پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان تیرۆر بکەن و چەندین کاری تووندوتیژی لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی لە دهۆک بکەن. له كه‌یسی سێیه‌مدا كه پووچه‌ڵكراوه‌ته‌وه، ده‌ستگیركردنی تۆڕێكی حه‌وت كه‌سییه، كه تۆڕە پیلانی کوشتنی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری و دادوەرێکیان داناوە و، زانیاری‌یان لەگەڵ چەند لایەنێک لەنێویاندا پەکەکە ئاڵوگۆڕ کردووە.
H.B