مار نیقودیموس داوود: سوپاس بۆ مەسرور بارزانی، کە ئێمەی خۆش دەوێت
سەرۆک بارزانی پێی گوتین؛ ئێوە لەماڵ و خاکی خۆتانن دۆخی ئێوە دۆخی ئێمەیە بەیەکەوە دەژین و بەیەکەوە دەمرین

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی ئۆکتۆبەری 2025، مار نیقودیموس داوود مەتی شەرەف، مەترانی کاتدرائی ئوم ئەلنوور لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەی ئوم ئەلنووردا ڕایگەیاند، "ڕاستە زۆر چاوەڕێمان کرد، بەڵام چاوەڕوانییەکە بەرهەمدار بوو و لە کۆتاییدا ئەم جوانییە ناوازەیەمان بینی. خودا شایەنی هەموو ستایشێکە لەو شوێنە پیرۆزانەی کە ناوی تێدا بەرز ڕادەگیرێت.
گوتیشی: سوپاسی تایبەتم بۆ مەسرور بارزانی هەیە، کە ئێمەی خۆش دەوێت و ئێمەش ئەومان خۆش دەوێت. ئەمڕۆ هەموومان لە دڵی عەنکاوەی بەهاداردا، شاهیدی ڕووداوێکی مێژوویی و ناوازەین لە مێژووی کڵێسای ڕۆژهەڵات، کە کردنەوە و پیرۆزکردنی ئەم سەکۆ ئیمانییەی کەنیسەی 'ئوم ئەلنوور'ە.
ئەم باڵەخانەیە تەنیا کۆمەڵێک بەرد نییە کە دانرابن، بەڵکو بەرجەستەکەری فرمێسکە کەڵەکەبووەکان، برینە سارێژنەکراوەکان و ئازارەکانە، کە بوونەتە هێمای هەستانەوە لەسەر ئەم خاکە پیرۆزەی عەنکاوە. ئەم خاکە ڕۆڵە و براکانی خۆی لە موسڵ، کەرکووک و تەواوی ناوچەکانی عێراق لە ئامێز گرت، دوای ئەوەی تیرۆر لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵیکێشان، کڵێساکانی سووتاندن و شوێنی پەرستگاکانی لەناو برد."
دەشڵێت: ئەمڕۆ مردووانمان هەڵدەستنەوە لە ژێر ئەو خۆڵەمێشەدا و هەڵگری خاچی خۆیانن و جەخت لەوە دەکەنەوە ماڵی خودا ئاوەدان دەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، مەسیحییەکان وا هەست دەکەن لە خاکی خۆیان هەڵتەکاون، بەڵام ئەوان نامۆ نین بە ئێمە و ئێمەش نامۆ نین خاکی باب و باپیرانمانە. خاکی سەردەمانێکی دوور و درێژی ئێمەیە. هەموومان خزم و کەسی یەکترین، ئەوانەی کە برینەکانیان تیمار کراوە و هەمووان گەواهی ئەو ڕووناکییە دەدەن.
هەروەها باوەڕی ئێمە قوڵترە لە ئازارەکان، ڕووناکایی مەسیح لە هەموو تاریکاییەک ڕووناکترە، دیوارە بەرزەکانیش گەواهی مانەوە و بەرگریین بۆ گەلێک کە ئامادە نەبوون بۆ ئەوەی واز لە بیروباوەڕەکەی بێنێت.
گوتیش: ئێمە لەم ڕۆژەدا سوپاسگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانین، لە سەروشیانەوە مەسرور بارزانی، بە ڕاشکاویش ئێمە ئەوە بە نامۆ نابینین لە مامەڵەی مەسرور بارزانی لەگەڵ ئێمە، بەو پەڕی هاوڕێیەتی لەگەڵ ئێمە، چونکە مامەڵەی ئەو لەگەڵمان شتێکە دەرهاویشتەی ئەو پەروەردە تەندروستە و خێزانە پیرۆزیە کە سەرۆک بارزانی سەرۆکایەتیی دەکات.
باسی لەوەش کرد، کاتێک لە موسڵ هاتینە لای سەرۆک بارزانی و ڕوومان تێ کرد، بە کۆمەڵێک ئازارەوە ئاوارە ببووین، لە یادمانە کە هاتین سەرۆک بارزانی، چەمکێکی ناوازەی دەربڕی هەرچەند دووبارە بکرێتەوە، ئێمە لێی تێر نابین. پێی گوتین "ئێوە نیگەران مەبن، ئیوە لێرە میوان نین، ئێوە لەماڵ و خاکی خۆتانن دۆخی ئێوە دۆخی ئێمەیە بەیەکەوە دەژین و بەیەکەوە دەمرین."
ڕاشیگەیاند، ئەوە وشەکانی سەرۆک بارزانی بوو، ئەگەر ئەو وشانەی هی باوک بێت بێگومان کوڕەکەی لەسەر هەمان ڕێگە دەڕوات و پلانەکەی جێبەجێ دەکات. ئێمە لێرەوە سوپاسی سەرۆک وەزیران دەکەین. ئەم حکوومەتە پیرۆزەی هەرێمی کوردستان بەردەوام ئەو ئەرکە پیرۆزەی گرتووەتە ئەستۆ بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم کڵێسایە.