بارسێلۆنا پێکانی ئەستێرەیەکی یانەکەی راگەیاند

دوو بۆ سێ هەفتە لە یاریکردن دادەبڕێت

بارسێلۆنا ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکانی دانی ئۆلمۆ یاریزانی یانەکەی راگەیاند، ئەو یاریزانە ئیسپانییە بەهۆی پێکانەوە دوو بۆ سێ هەفتە لە یاریگاکان دادەبڕێت.

دانی ئۆلمۆ دوای ئەوەی کەمپی هەڵبژاردەی ئیسپانیای بەجێهێشت ئەمڕۆ گەڕایەوە سەنتەری پزیشکی بارسێلۆنا و پشکنینی پزیشکی بۆ ئەنجام درا، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە :'دانی ئۆلمۆ لە قاچی چەپی تووشی پێکان بووە، وادەی گەڕانەوەی دەوەستێتە سەر خێرایی چاکبوونەوەی لە پێکانەکەی'.

هێلینا کۆندیس رۆژنامەنووسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئۆلمۆ بەهۆی پێکانەکەی دوو بۆ سێ هەفتە لە یاریگاکان دادەبڕێت، بۆ یاریی کلاسیکۆ ئامادەبوونی مسۆگەر نییە، کە دوو هەفتەی دیکە ئەو یارییە لە لالیگا بەڕێوە دەچێت، بەڵام بێبەشبوونی ئۆلمۆ لە دوو یاریی داهاتووی یانەکەی لە لالیگا بەرامبەر جیرۆنا و لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئۆڵێمپیاکۆس مسۆگەرە.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، پێکانەکەی ئۆلمۆ هێندە قورس نییە کە سەرەتا پێشبینی دەکرا، دەستەی پزیشکی بارسێلۆنا دڵخۆشن بەوەی پێکانەکەی قورس نییە و پێشبینی دەکرێت پێش یاریی کلاسیکۆ پشکنینی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی ئامادەبوونی بۆ یاریی کلاسیکۆ یەکلایی بکرێتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment