حکوومەتی فیدراڵ سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی سپی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، لەبەر ئەوەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ئامادەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نەبووە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەداوە، بەڵکوو بڕیاری ناردنی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی سپی ماڵانی بۆ پاریزگاکانی هەرێمی کوردستان داوە.

سێشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەدراوە لەبەر ئەوەی تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ ئامادەی کۆبوونەوکە نەبووە.

دیلان بارزان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران تەنیا بڕیار لە ناردنی بڕی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی سپی ماڵان بۆ هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک) دراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، هەموو چاوەڕوانییەکان بۆ بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو کە لە کۆبوونەوەی سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو، محەممەد شیاع سوودانی بەڵێنی ناردنی دابوو تا ئەو کاتەی پرسی داهاتی نانەوتی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ یەکلایی دەبێتەوە.

 

 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment