ھەناری ھەڵەبجە ھەناردەی فەرەنسا دەكرێت
وەزیری كشتوكاڵ: كارگەیەكی شەربەت لە ھەڵەبجە دەكەینەوە
.jpg)
K24 – ھەڵەبجە
وەزیری كشتوكاڵی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە ھەوڵدان ھەناری ھەڵەبجە ھەناردەی فەرەنسا بكەن و كارگەیەكی شەربەت لە ھەڵەبجە دروست بكەن.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لەمیانی بەشداریكردنی لە فێستیڤاڵی ھەنار لە ھەڵەبجە رایگەیاند: "بە ھەماھەنگی لەگەڵ كونسوڵخانەی فەرەنسا لە ھەرێمی كوردستان، لە ھەوڵداین توێژینەوەی زانستی لەسەر بەرھەمی ھەناری ھەڵەبجە بكەین، لەو چوارچێوەیەشدا دەست بكەین بە دامەزراندنی كارگەی شەربەت".
گوتیشی: "گفتوگۆمان لەسەر ئەوە كردووە بەرھەمی ھەناری ھەڵەبجە ھەناردەی فەرەنسا بكەین، لە ئایندەیەكی نزیكدا ھەنگاوەكانمان بە كردەیی دەست پێدەكات".
وەزیری كشتوكاڵ راشیگەیاند: "لە چەند رۆژی داھاتوودا بەردی بناغەی سێ كارگەی دانەوێڵە لە ھەرێمی كوردستان دادەنرێ، دەبێتە ھۆكار بۆ كڕینەوەی گەنمی جوتیاران، كە بە بەرھەمێكی سەرەكی ھەژمار دەكرێت".
ئەمڕۆ شەشەمین فێستیڤاڵی ھەنار لە ھەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، جگە لە بەرھەمی ھەنار، بەشێك لە بەرھەمەكانی دیكەی جوتیارانی ناوچەكە لەو فێستیڤاڵە نمایش دەكرێن.
بەرھەمی ھەنار لە ھەرێمی كوردستان زیاترە لە پێویستی ناوخۆ، سنووری پارێزگای ھەڵەبجەش یەكێكە لەو ناوچانەی كە ساڵانە ھەناری زۆری لێ بەرھەم دەھێندرێت.