تیمێکی فریاگوزاریی تورکیا بۆ چوونە غەززە چاوەڕێی ڕەزامەندیی ئیسرائیل دەکات

تیمێکی فریاگوزاریی تورکیا کە بە ڕێکخراوی ئافاد ناسراوە و لە 81 فریاگوزار پێکهاتوون، لە سنووری میسر گیریان خواردووە و چاوەڕوانی ڕەزامەندیی سوپای ئیسرائیل دەکەن تاوەکوو ئاودیوی کەرتی غەززە بن.
ئەمڕۆ هەیینی 17ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەرپرسێکی تیمی ئافاد، کە تایبەتە بە فریاگوزاریی کارەسات و ڕووداوکان لە تورکیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، لە سنووری میسرەوە چاوەڕوانی ئەوەن ئیسرائیل ڕێگەیان پێبدات تاوەکوو بچنە ناو کەرتی غەززە، بۆ ئەوەی بە دوای تەرمی ئەو قوربانییانەدا بگەڕێن کە لە ژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە.
ئەرکێکی دیکەی تیمەکەی ئافادی تورکیا، گەڕان و پشکینینە بۆ قوربانیانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.
بەرپرسەکەی تورکیا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت، هەر لە سەرەتاوە ئیسرائیل نەیویستووە هیچ تیمێکی تورکیا بچنە غەززە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییەی لە نێوان تورکیا و حەماس هەبووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، تیمی وڵاتەکەی ئامێری پێشكهوتووی تەکنەلۆژییان بردووە، بۆ گەڕان بە داوی ئەو کەسانەی لە ژیاندا ماون و گیریان خواردووە، هەروەها سەگی ڕاهێنراوی تایبەتیان بردووە بۆ دۆزینەوەی تەرمهكان.
سەرچاوەیەک لە بزووتنهوهی حەماسی فهڵهستینی لهم بارهوه، بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ـی ڕاگەیاندووە، تیمەکەی تورکیا لە یەکشەممەی ڕابردووەوە چاوەڕوانی مۆڵەتی ئیسرائیلن، تاوەکوو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
لە بەرانبەردا دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل داوایان کردووە، تیمی قەتەر هاوکارییان بکەن، بەم هۆیەشەوە دیار نییە ئاخۆ ئیسرائیل ڕێگە بە تیمە تورکییەکە دەدات لە کەرتی غەززە هەڵمەتی گەڕان و پشکنین بکات.