ئیسرائیل لە بارەی گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتەکان هۆشداری دەداتە حەماس
حەماس نامەیەک ئاراستەی وڵاتانی نێوەندگیر دەکات بۆ دەستپێکی قۆناغی دووەمی ئاشتی

خەریکە ئاگربەستی بزووتنهوهی حەماس و ئیسرائیل تەقەی تێدەکەوێت و هەردوولا شیر و تیر لێک دەسوون، ئیسرائیل گومانی لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی بارمتەکان هەیە و حەماسیش ئامادەیی چەکدانانی نییە و داوا لە وڵاتانی نێوەندگیر دەکات، کە فشاری زیاتر لە ئەلئەڤیڤ بکەن.
نووسینەگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگهیاندووه، پێویستە حەماس پابەند بێت بە پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ لە بارەی ئاشتیی کەرتی غەززە و دەبێت ئاگاداری ئەوە بن ئێستا کاتی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتننامەکەیە. بزووتنەوەی حەماسیش نامەیەکی ئاراستەی وڵاتانی نێوەندگیر کردووە، داوای دەکات فشار لە ئیسرائل بکرێت بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داهاتووی پلانی ئاشتیی کەرتی غەززە.
ئەمڕۆ هەینی 17ـی تشرینی یەکەمی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێویستە حەماس پلانە 20 خاڵییەکەی ترەمپ جێبەجێ بکات پێش ئەوەی کاتەکە کۆتایی بێت.
باسی لەوەش کردووە، حەماس شوێنی ناشتنی تەرمی بارمتە ئیسرائیلیەکان دەزانێت، بەڵام تا ئێستا هەموو تەرمەکانی ڕادەستی ئیسرائیل نەکردووەتەوە.
هەروەها ئاماژەی داوە، هەنگاوەکانیان بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەکە ڕادەگرن، چونکە حەماس پابەند نییە بە جێبەجێکردنی تەواوی ناوەرۆکی ڕێککەوتنی ئاشتیی کەرتی غەززە، کە یەکێک لە مەرجەکانی گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەکانە.
ئەم هۆشدارییەی حکوومەتی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ پێنجشەممە، خانەوادەی بارمتە و بێسەروشوێنەکانی ئیسرائیل لە گردبوونەوەیەکدا ڕایانگەیاند، پێویستە ئیسرائیل هەنگاوەکانی قۆناغی داهاتووی ڕێککەوتنی غەززە ڕابگرێت، تاوەکوو ئەو کاتەی حەماس ئەو 19 تەرمەی لە لای ماوە، ڕادەستی دەکاتەوە.
لە بەرانبەردا، بزووتنەوەی حەماس نامەیەکی بۆ وڵاتانی نێوەندگیر ناردووە، داوا دەکات، فشارەکان لە سەر ئیسرائیل زیاد بکرێن، بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی داهاتووی ڕێککەوتنی ئاشتیی جێبەجێ بکات، کە بریتین لە کردنەوەی سنوورەکان بۆ گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی، کشانەوەی سەربازانی ئیسرائیل و دووبارە بونیاتنانەوەی کەرتی غەززه.
حەماس لە بەیاننامەکدا جەختی لەوە کردووەتەوە، ڕادەستکردنەری تەرمی بارمتە ئیسرائیلیەکان پێویستی بە کاتی زیاتر هەیە.
ئەم کێشمەکێشەی لەبارچوونی ئاگربەست و ڕێککەوتنی ئاشتی لە کاتێکدایە، محەممەد نزال، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: بابەتی دانانی چەک کە خاڵی ناکۆکیی نێوان ئیسرائیل و حەماسە بۆ ڕێککەوتنی ئاشتیی کەرتی غەززە، بابەتێکی نشتیمانییە، تەنیا پەیوەست نییە بە بزووتنەوەی حەماس، چەندین گرووپی دیکە هەن لە غەززە کە چەکبەدەستن، بۆیە کە لێم دەپرسن ئایا چەک دادەنێن یان نا؟ من ناتوانم بە بەڵێ یان نەخێر، وەڵام بدەمەوە.
ئەندامێکی دیکەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بە ناوی غازی حەمەد دەڵێت: سەڕای پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل، هێشتا حەماس پابەندە بە ڕێککەوتنی ئاشتیی کەرتی غەززە.
هەروەها لە بارەی ڕادەستکردنەوەی تەرمی بارمتەکان، غازی حەمەد، گوتی: ئەم پرۆسەیە ئاسان نییە، بە هۆی ئەوەی کەرتی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە وێران کراوە و ناتوانین بە ئاسانی و کاتێکی کەم، تەرمەکان لە ژێر خانوو و باڵەخانە ڕووخاوەکاندا دەربهێنین، بۆیە کاتیی زیاتر و ئامێری پێشکەوتوومان پێویستە.
باسی لەوەش کرد، حەماس لە نێوان دوو ئەرکی گرنگدا کار دەکات، یەکەمیان پارێزگاریکردنە لە ناسنامەی نیشتمانی و ئیدارەدانی دووبارە بونیاتنانەوەی کەرتی غەززە. دووەمیش، بابەتی ئەو چەکەیە کە لە دەستی حەماسدایە، چەکێکی نیشتمانییە و تەنیا بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕووبهڕووبوونهوهی داگیرکار بەکاری دەهێنین. بۆیە پێویستە فەڵەستینیەکان خۆیان حوکمڕانی فەڵەستین بکەن و حەماس لهم بارهوه هەموو جۆرە دەستتێوەردانێکی وڵاتان بۆ داهاتووی فەڵەستین ڕەت دەکاتەوە.
ئەم پێشهاتانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسدایە، کە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی، گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکانە، ئەوانەی لە ژیاندا ماون و ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە.
هەروەها بە گوێرەی پلانە 20 خاڵییەکەی ترهمپ، دەبێت حەماس خۆی لە چەک دابماڵێت و هیچ ڕۆڵێکی له ئیدارەدانی غهززهدا نهبێت. لە بەرانبەردا ئیسرائیل بەندکراوە فەڵەستینییەکان ئازاد بکات، سەربازەکانیشی لە کەرتی غەززە بكشێنێتهوه و خاڵە سنوورییەکانیش بکاتەوە، بهڵام پلانهكه وردهكاریی تێدا نییه و چاوهڕوان دهكرێت حهماس له گفتوگۆكانی قۆناغی دووهمدا كه له ههفتهكانی داهاتوودا دەست پێدەکەن، به توندی دژایەتیی بكات.