کوشتن و تۆقاندن، هەڕەشە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن
پێشهاتێکی مەترسیدار بەرۆکی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی خوڵی شەشەمی پەرلەمانی عێراقی گرتووە، ئەویش سەرهەڵدانی حاڵەتی کوشتن و هەوڵی تیرۆرکردنیانە لە بەغدا و شارەکانی خوارووی عێراق؛ پاش ئەوەی چوارشەممەی ڕابردوو، بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەی سەفا مەشهەدانی کاندیدی هاوپەمانی سیادە تەقیەوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی دواتر، دەستڕێژی گولـلە کرایە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ماجدە عەرداوی، کاندیدی لیستی هاوپەمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پارێزگای کەربەلا، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەو حاڵەتە مەترسیدارانە ڕێکاری یاساییان گرتووەتە بەر.
نیبراس ئەبوو سۆدە، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی گوت: "کۆمسیۆن ئاگادارکراوەتەوە لەوەی کاندیدێک سکاڵای کردووە هەڕەشەی لێ کراوە؛ بۆیە هاوشانی لیژنەی باڵای پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردن، بەشدار دەبین له لێکۆڵینەوە له ڕووداوەکە. داواش کراوە جێگرەوەیەک بۆ کاندیدە کوژراوەکە دیاری بکەن لە ئەنجوومەنی پارێزگا. بەڵام حزبەکەی تا ئێستا داوایان نەکردووە کاندیدێک بۆ شوێنگرەوەی دیاری بکەین."
تەقینەوە و کوشتنی کاندید و هەڕەشەلێکردنیان حاڵەتێکی نوێ و شۆکهێنەر نییە؛ لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی عێراق، ئەم جۆرە مەترسییە لە سەر ژیانی کاندیدەکان و لەکەدارکردنی کەسایەتیان هەبووە.
ڕائد فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعیی عێراقی، دەڵێت: بێگومان کە کوشتن و تیرۆرکردن هەیە لاوازی هێزە ئەمنیەکانە ، چەندین ساڵە هاوار دەکەین چەکی دەستی گرووپە چەکدارەکان بۆ کردەوەی تێکدەرانە بەکار دەهێنرێت.. کاندید بەر فیشەک دەدرێت یان بۆمب دەلکێنرێت بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە. هەموو ئەمانە بەرنامە بۆ دارێژراون و گرووپە چەکدارەکانیان له پشتەوەیە. تا چەک بە دەستی میلشیاوە بێت، دیموکراسیی ڕاستەقینە لە عێراق ناچەسپێت و دۆخی ئەمنی جێگیر نابێت.
پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڕیارە لە ـ11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بە بەشداریی 160 هاوپەیمانی و حزب و کاندیدی سەربەخۆ، بەڕێوە بچێت. حەوت هەزار و 900 کاندید کێبڕکێ بۆ وەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمانی دەکەن.
لایەنە سیاسییەکان داوا دەکەن، هێزە ئەمنییەکان ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان بگێڕن بۆ ئەوەی پرۆسەی دیموکراسی لەو زیاتر پێشێل نەکرێت.