خالید خۆشناو: لە ماوەی داهاتوودا ڕێگەی کەسنەزان-گۆمەسپان دەکەینەوە

خالید خۆشناو، خاوەنی کۆمپانیاکانی هێمن گرووپ، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ڕێگەی گۆمەسپان- سماقووڵی گوتی: خۆشحاڵم لەوەی کە پێش ماوەی دیاریکراو، ئەم پرۆژە گەورەیەمان تەواو کرد.
سەرۆکی کۆمپانیاکانی هێمن گرووپ گوتیشی: ئەم پرۆژەیە، یەکێک بوو لە پرۆژە سەخت و گرانەکانی ڕێگەوبان، چونکە ڕێگاکە بەناوچەیەکی شاخاویدا تێدەپەڕێت، بەڵام بە هەوڵ و تەقەلای کارمەندان و کرێکارانی هێمن گرووپ، توانیمان بە سەرکەوتوویی جێبەجێی بکەین.
خالید خۆشناو، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لە ئەمڕۆوە، دەربەندی گۆمەسپان دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی گرنگ بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق بەگشتی و خەڵکی هەولێر بە تایبەتی. لێرەشەوە پێم خۆشە ئەوە ڕابگەیەنم کە لە ماوەی داهاتوودا ڕێگەی کەسنەزان-گۆمەسپان دەکەینەوە.
سەرۆکی کۆمپانیاکانی هێمن گرووپ، لە کوتایی قسەکانیدا گوتی: زۆر سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەو متمانە گەورەیەی بە ئێمەی بەخشیووە. هیوادارم ئێمەش لە ئاستی ئەو متمانەیەدا بین بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە خەڵکی کوردستان بکەین.