کەی ژووری یاریزانە پێکراوەکانی ریال مەدرید چۆڵ دەبێت؟
نوێترین زانیاری لەبارەی دۆخی یاریزانە پێکراوەکانی ریال مەدرید

ریال مەدرید پێش چوار یارییە بەهێزەکەی بەرامبەر یوڤێنتوس، بارسێلۆنا، ڤالێنسیا و لیڤەرپوول پەلەیەتی ژووری یاریزانە پێکراوەکانی یانەکە چۆڵ بێت، بۆ ئەوەی تەواوی یاریزانەکانی بۆ ئەم قۆناخە هەستیارە ئامادەبن.
تۆڕی وەرزشی ئاتلێتیک ئاشکرایکردووە، دانی کارڤاخال و ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد گەڕاونەتەوە راهێنانە بەکۆمەڵەکانی یانەکەیان و ئامادەن، بەڵام هێشتا نازانرێت بۆ یاریی کلاسیکۆ چابی ئاڵۆنسۆ بانگهێشتیان دەکات یان نا، ئەمڕۆ ئارنۆڵد بەبێ کێشە بەشداریی بەشی یەکەمی راهێنانەکانی میرەنگی کرد و رادیۆی کادێنا کۆپێی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئارنۆڵد ٪100 بۆ یاریی لیڤەرپوول ئامادە دەبێت، بەڵام بەرگریکارە ئینگلیزییەکە بۆ یارییەکەی چوارشەممە بەرامبەر یوڤێنتوس هاوشانی فێرلاند مێندی ناویان لە لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکان دەبێت.
تۆڕی وەرزشی ئاتلێتیک راشیگەیاندووە، دین هاوسن گەشبینە بەوەی بۆ یاریی کلاسیکۆ ئامادە بێت ، بەڵام داڤید ئالابا دوای یارییەکەی دوێنێ بەرامبەر خیتافی هەستی بە ئازار کردووە و سبەی پشکنینی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی لەبارەی پێکانەکەی دڵنیاببنەوە، کە ماوەیەکە لە پێکانە دوور و درێژەکەی گەڕاوەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئاتلێتیک، ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر هەروا زوو ناگەڕێتەوە و بەلایەنی کەم مانگێکی دیکەی پێویستە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە یاریگاکان، بەڵام تیبۆ کۆرتوا پێکانەکەی شتێکی وا نییە کە لە دوایین یاریی یانەکەی بەرامبەر خیتافی تووشی بوو، بۆ یاریی یۆڤی ئامادەیە.
ریال مەدرید دووسبەی چوارشەممە لە چامپیۆنزلیگ میوانداریی یوڤێنتوس دەکات، دواتر یەکشەممە لە لالیگا میوانداریی بارسێلۆنا دەکات، ئینجا لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی ڤالێنسیا و لە چامپیۆنزلیگیش دەبێتە میوانی لیڤەرپوول.