ترەمپ لە بارەی کەرتی ڕۆژئاواوه‌ هۆشداریی ده‌داته‌ ئیسرائیل

سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، ئەگەر ئیسرائیل دەست بەسەر کەرتی ڕۆژئاوادا بگرێت، هەموو پشتیوانییەکی واشنتن لە دەست دەدات. جەختی لەوەش کردەوە، شەڕی غەززە کۆتایی هاتووە و دەبێت ناتانیاهۆ ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە قبووڵ بکات.

پێنجشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری تایم، گوتی: "دەبێت حەماس پابەند بێت بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، هەروەها دەبێت واز لە توندوتیژی و نانه‌وه‌ی پشێوی لە نێو کەرتی غەززە بهێنێت، ئەگەرنا ڕووبەڕووی لەنێوچوون دەبێتەوە، بێگومان ئەم قسەیەم ڕاستییە و گاڵتە ناکەم".

سەرۆکی ئەمەریکا، هەر لە بارەی حەماسەوە، ئاماژەی بەوە دا، بزووتنەوەکە ڕازی بووە بەوەی چەک دابنێت. گوتیشی: بە نیازم سەردانی غەززە بکەم.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، ترەمپ لە بارەی پرسی کەرتی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند: بەڵێنم بە وڵاتانی عەرەبی داوە کە ئیسرائیل کەرتی ڕۆژئاوا به‌ ئیسرائیله‌وه‌ نالكێنێت.

جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر ئیسرائیل هەر هەنگاوێک بنێت بۆ داگیرکردنی کەرتی ڕۆژئاوا، هەموو پشتیوانییەکی واشنتن لە دەست دەدات.

ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ناتانیاهۆ کرد و گوتی: شەڕی غەززە کۆتایی هاتووە و دەبێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕێککەوتنی ئاگربەست قبووڵ بکات.

هاوکات دووپاتی کردەوە، ئەگەر دەستوەردانی نەکردبا، نەتانیاهۆ بەردەوام دەبوو لە درێژەدان بە شەڕی غەززە، دەکرا شەڕەکە چەند ساڵێکی دیکەی بخایاندبایە.

دۆناڵد ترەمپ، لە بارەی ئێرانەوە، پێی وایە کە چیدی وڵاتەکە مایەی مەترسیی نییە بۆ ناوچەکە. گوتیشی: هێرشی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە.

چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، کنێستی ئیسرائیل دەنگی بەرایی لەسەر پرۆژە یاسایەک دا، بۆ سەپاندنی سەروەریی ئیسرائیل بەسەر کەرتی ڕۆژئاوا.

بە گوێرەی پرۆژە یاساکە، ئیسرائیل دەسەڵاتی تەواوی خۆی بەسەر کەرتی ڕۆژئاوا دەسەپێنێتەوە. لە کاتێکدا فەڵەستینییەکان کەرتی ڕۆژئاوا بە بەشێک لە دەوڵەتی داهاتووی فەڵەستین دەزانن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment