نرخی ئاوی خواردنەوە لە تورکیا 50% بەرزبووەتەوە؛ "چواردەورمان ئاوە و بێ ئاوین"

 لە کاتێکدا تورکیا ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی سەخت بووەتەوە، نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرزدەبێتەوە. لە نوێترین پێشهاتدا، نرخی ئاوی خواردنەوە لە وڵاتەکەدا بە ڕێژەی 50% بەرزبووەتەوە، ئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکی زۆری لەناو هاووڵاتییاندا لێ کەوتووەتەوە.

پێشتر و لە ساڵانی ڕابردوودا، ئاو یەکێک بوو لەو پێداویستیانەی، نرخەکەی جێگیر بوو، بەڵام ئێستا ئەویش کەوتووەتە بەر شاڵاوی گرانبوون. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، نرخی ئاوی خواردنەوە 50% زیادی کردووە، ئەمەش ڕێژەیەکی بەرزترە لە ڕێژەی گرانبوونی کرێ.

نرخی بوتڵێکی 19 لیتری ئاو لە ئیستانبوڵ گەیشتووەتە نێوان 135 بۆ 195 لیرەی تورکی. ئەمە لە کاتێکدایە، پێنج ساڵ لەمەوبەر، نرخی هەمان بوتڵ تەنها 12 لیرە بوو.

هاووڵاتییان و فرۆشیارانی ئاو ناڕەزایەتی خۆیان لەم گرانبوونە دەربڕیوە. فرۆشیارێکی ئاو بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: "کۆمپانیا گەورەکانی ئاو بە ویستی خۆیان نرخەکان بەرز دەکەنەوە. ئێمە تەنها کرێی ماندووبوونی خۆمان وەردەگرین، بەڵام قازانجی سەرەکی بۆ کۆمپانیا گەورەکانە."

هاووڵاتییەکیش دەڵێت: "ئاو پێداویستییەکی سەرەکی ژیانە و نابێت نرخەکەی بەم شێوەیە گران بێت. حکوومەت دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزێتەوە."

هاووڵاتییەکی دیکە ئاماژەی بەوە دا، لە کاتێکدا "چوار دەورمان ئاوە" بەهۆی گرانییەوە، زۆر کەس ناتوانن ئاوی پاک لە بازاڕ بکڕن و پەنا بۆ سەرچاوەی دیکە دەبەن، ئەمەش مەترسی بۆ سەر تەندروستییان دروست دەکات.

 

گرانبوونی نرخی ئاو دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە:

1.   بهای بەرهەمهێنان: بەرزبوونەوەی نرخی وزە و کەرەستە خاوەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی ئاو هەبووە.

2.   هەڵاوسانی ئابووری: تورکیا بەدەست هەڵاوسانێکی بەرزەوە دەناڵێنێت، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان.

 3.  سیاسەتی کۆمپانیاکان: هەندێک لە هاووڵاتییان و فرۆشیاران پێیانوایە، کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی ئاو، قەیرانە ئابوورییەکەیان قۆستووەتەوە بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکان و بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر.

لەکاتێکدا، خەڵکی تورکیا پێشتر خەمی دابینکردنی خۆراک و پێداویستییەکانی دیکەیان بوو، ئێستا خەمی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەشیان هاتووەتە سەر، ئەمەش بارگرانییەکی دیکەیە لەسەر شانی هاووڵاتییان لەم دۆخە ئابوورییە سەختەدا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment