ئێران.. زیاتر لە چوار ملیۆن دارخورما لەناوچوون
دارستانە خورماکانی پارێزگای خوزستانی ئێران، کە بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی خورما لەو وڵاتە دادەنرێن، ئێستا ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بوونەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا' لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە "بەهۆی چەندین هۆکاری وەک وشکەساڵی، گەڕانەوەی ئاوی سوێری کەنداو بۆ نێو ڕووباری بەهمەنشیر و تێکەڵبوونی ئاوی پیس و پاشەڕۆ بە سەرچاوە ئاوییەکان، زیاتر لە چوار ملیۆن دارخورما لەم ناوچەیەدا وشک بوونە."
وشکبوونی دارخورماکان زیانێکی گەورەی بە جووتیاران و ئابووریی ناوچەکە گەیاندووە. سەید عەدنان، یەکێک لە خاوەن باخەکانی ئەبادان، باس لە وشکبوونی دارخورماکانی دەکات و دەڵێت: ئاو نییە و دارخورماکانمان وشک دەبن. ئاوی سوێری کەنداو گەیشتووەتە ڕووباری بەهمەنشیر و ئاوی پیسی شارەکانیش تێکەڵ بە ئاوی باخەکانمان بووە.
سەید عەدنان، گوتیشی: تەنیا لە ئەبادان نزیکەی 10 هەزار دارخورما بە هۆی ئەم قەیرانەوە وشکبوون و لەناوچوون. بەرهەمی خورماش بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەجۆرێک دارخورمایەک پێشتر نزیکەی 70 کیلۆگرام خورمای دەدا، ئێستا بە زەحمەت 10 کیلۆگرام دەدات.
ماجد مەتووریان، سەرۆکی کۆمەڵەی خورمای خوزستان، دەڵێت: کە بەهۆی کێشەکانی سوێریی ئاو و تێکەڵبوونی پاشەڕۆ بە ئاوی کشتوکاڵی، ساڵی ڕابردوو 27 هەزار جووتیاری خوزستانی زیانیان بەرکەوتووە و هیچ یارمەتییەکیشیان پێ نەدراوە.
پسپۆڕانی بواری کشتوکاڵ، هۆشداری دەدەن لەوەی بەردەوامیی ئەم ڕەوشە نەک تەنها دەبێتە هۆی لەناوچوونی دارخورماکان، بەڵکو کۆچی بە لێشاوی گوندنشینان بۆ شارەکانیش لێ دەکەوێتەوە.
خوزستان، بە هەبوونی 41 هەزار هێکتار باخی خورما و بەرهەمهێنانی ساڵانەی 370 هەزار تۆن خورما، پلەی دووەمی لە بەرهەمهێنانی خورما لە ئێراندا هەیە. بەڵام ئێستا بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ئاوەوە، زیاتر لە چوار ملیۆن دارخورما، لە کۆی حەوت ملیۆن دارخورمای ئەو پارێزگایە، وشک بوون.
