حەج و عومرەی کوردستان: پێشینەی حەجی ئەمساڵ بۆ ئەو کەسانەیە کە پێشتر حەجیان نەکردووە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەرتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24ـی، وردەکاریی پرۆسەی هەڵبژاردنی حاجیانی ئەمساڵی خستەڕوو و جەختی کردەوە، ئەمساڵ دەرفەت بەو کەسانە دەدرێت کە تا ئێستا حەجیان نەکردووە.
کاروان ستوونی ڕایگەیاند: "ئێستا ئێمە خەریکی وردبینیی ناوی ئەو کەسانەین کە بۆ حەجی ئەمساڵ ناویان تۆمار کردووە و پرۆسەکە بەشێکی زۆری بڕیوە. ئەو کەسانەی پێشتر حەجیان کردووە، ئەمساڵ دەرفەتیان پێنادرێت، بۆ ئەوەی چانس بۆ ئەو کەسانە بڕەخسێت کە تا ئێستا حەجیان نەکردووە."
گوتیشی: هەر ئافرەتێک پێشتر حەجی کردبێت، ناتوانێت جارێکی تر حەج بکاتەوە. سەبارەت بە پیاو ئەگەر پێشتر بە تەنیا حەجی کردبێت، تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانێت دووبارە بچێتەوە، ئەویش وەک "مەحرەم" لەگەڵ خێزانەکەیدا.
هەروەها مامۆستایانی ئایینیش ئەگەر پێشتر وەک حاجیی ئاسایی ناویان دەرچووبێت، جارێکی دیکە وەک "ڕێنشاندەری ئایینی" دەرفەتیان پێنادرێتەوە.
سەبارەت بە ژمارەی حاجیان، ستوونی ئاماژەی بەوەکرد: "ژمارەی حاجیان بەگوێرەی ئەو ڕێژەیەیە کە ساڵانە وڵاتی سعوودییە دیاری دەکات."
گوتیشی: "ئەوانەی ناوەکانیان دەرناچێت، بەشێکیان وەک یەدەگ دادەنرێن. بۆ ساڵانی داهاتووش هێشتا بڕیارێکی کۆتایی نییە، بەڵام ئەگەر ناونووسینی نوێ نەکرێتەوە، هەر سوود لەو ناوانەی ئەمساڵ وەردەگیرێتەوە."
کاروان ستوونی دووپاتیکردەوە، ئامانج لەم ڕێکارانە "پاراستنی یەکسانییە لەناو هاووڵاتیاندا" و دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە پێشینە بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە تا ئێستا شانسی حەجکردنیان نەبووە.
