وەزارەتی خوێندنی باڵا: داشکاندنی کرێی خوێندن بەردەوام دەبێت
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، داشکاندنەکە تایبەتە بە زانکۆ حکوومیەکان، هەروەها خوێندنی ئێواران، دبلۆمی باڵا، پاراڵێڵ، ماستەر و دکتۆراش لێی سوودمەند دەبن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ساڵی پار وەکو ئاسانکاریی و هاوکارییەک سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردا بە ڕێژەی 45% داشکاندن بۆ قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگە حکوومەیەکاندا بکات، گوتیشی: بۆ ئەمساڵیش بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگە حکوومیەکان بە خوێندنی ئێواران، دبلۆم، بەکالۆریۆس، دبلۆمی باڵا، پاراڵێڵ، ماستەر و دکتۆرا دەتوانن لێی سوودمەند بن، هاوکات ئەم بڕیارەی حکوومەت بە تەواوی لە بەرژەوەندی قوتابیانە، وەکو هاوکارییەک لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشکەشیان کراوە.
ساڵی ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی بڕیاریدا داشکاندن لە کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە حکوومیەکان بە ڕێژەی 45% .
هاوکات هەر خانەوادەیەک دوو قوتابی یان زیاتری لە خوێندنی ئێواران و پاڕاڵێڵ هەبێت، بۆ هەریەکەیان %50 داشکاندن لە کرێی خوێندنەکەیان دەکرێت و سەرجەم قوتابییانی خوێندنی باڵا، دبلۆم، بەکالۆریۆس، دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا دەگرێتەوە.
