بارسێلۆنا 50%ـی هێزی بۆ كلاسیكۆ لەدەست داوە

بەپێی ئەم ئامارە بێت ئەمشەو ریال مەدرید براوەی كلاسیكۆیە

هانزی فلیك راهێنەری بارسێلۆنا لە نێوان دوو یاریدەدەرەكانی
هانزی فلیك راهێنەری بارسێلۆنا لە نێوان دوو یاریدەدەرەكانی

هانزی فلیکی ڕاهێنەری ئەڵمانی لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ بارسێلۆنا توانای خۆی سەلماند و 3 نازناوی نێوخۆیی بۆ یانە كەتەلۆنیاییەكە بەدەستهێنا، بارسا پێش هاتنی هانزی فلیك، دوو ساڵ و نیوی لەژێر سەرپەرشتی راهێنەری لاو چاڤی هێرناندێز تێپەڕ كرد بوو.
چاڤی لە ساڵی 2023 توانی لالیگا و جامی سوپەری ئیسپانیا بباتەوە، بەڵام دوای ساڵێک ناکۆکی كەوتە نێوان چاڤی و خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەكە و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی، بەهۆیەوە چاڤی پێش ئەوەی گرێبەستەكەی لە هاوینی 2026 كۆتایی بێت یانەکەی جێهێشت.
هانزی فلیك لە دۆخێكی خراپ و قەیرانی دارایی واژۆی لەسەر گرێبەستی بارسێلۆنا كرد، ئەمەش لە كاتێكدا بوو پێشتر ئەو راهێنەرە نازناوی چامپیۆنزلیگی لە ساڵی 2020 لەگەڵ بایرن میونشن بەدەستهێنا بوو، بەڵام فلیك لە مۆندیالی 2022 تووشی كارەسات بوو كاتێك وەكو راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە قۆناغی كۆمەڵەكان ماڵئاوایی كرد.
فلیك و بارسێلۆنا لەبەردەم تەحەدایەكی گەورە و هاوبەش بوونەتەوە، یانە كەتەلۆنییەكە رووبەڕووی كێشەیەكی دارایی سەخت بووەوە و بە زەحمەت پێكهاتەكەیان ئامادە كردووە و زیاتر پشتیان بە یاریزانە لاوەكانی ئەكادیمیای لاماسیا بەستووە.
سەرەڕای هەموو ئەو سەختییانە بارسێلۆنا لە ركابەرییەكی سەخت دا لەگەڵ یانە زەبەلاحەكە پایتەختی ئیسپانیا كە بە 15 نازناوی چامپیۆنزلیگ باڵادەستی خۆی بەسەر ئەورووپا سەپاندووە.

سەرکەوتنی سەرسوڕهێنەر
لەناو ئەو هەموو سەختییەدا، هانزی فلیک و بارسێلۆنا گرەوەکەیان بردەوە، وەرزی ڕابردوو بە بردنەوەی نازناوی لالیگا، جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیا سێ نازناوی سەرسوڕهێنەری نێوخۆییان بەدەستهێنا، جگە لەوەش گەیشتنە قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام بە شێوەیەکی دراماتیک بەرامبەر ئینتەر میلان ماڵئاواییان كرد، بەڵام بارسێلۆنا وەرزی رابردوو شكۆی ریال مەدریدی شكاند و چوار كلاسیكۆی لەسەریەكی لە تیپەكەی ئانچیلۆتی بردەوە.
بارسێلۆنا لە چوار یاریدا 16 گۆڵی لە ریال مەدرید كرد، بەڵام هانزی فلیکی ڕاهێنەر 50%ـی ئەو چارەسەرانەی لەدەست داوە کە پێشتر لە كلاسیكۆ بۆ لێكهەڵوەشاندنی هێڵی بەرگری ڕیال مەدرید بەکاریهێنابوو.


ئامادەنەبوونی بەکۆمەڵ
بارسێلۆنا بۆ كلاسیكۆی ئەمجارە بەهۆی پێکان و ئامادەنەبوونی یاریزانانەوە دەناڵێنێت، بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ تێر شتیگنی گۆڵپارێز و خوان گارسیای لەدەستداوە کە هاوینی ڕابردوو لە ئیسپانیۆلەوە پەیوەندی بە بارسێلۆنا کرد، جگە لەوەش گاڤی بۆ چەندان مانگ بەهۆی نەشتەرگەری دادەبڕێت، لە لایەكی دیكەیشەوە، رافینیا، لیڤاندۆڤسكی، دانی ئۆلمۆ و ئەندریاس کریستینسن بەهۆی پێکانەوە لە یاریگاکان دووركەوتوونەتەوە.
لە كاتێكدا رافینیا و لیڤا لە کۆی 16 گۆڵی بارسا لە وەرزی ڕابردوو بەرامبەر ڕیال مەدرید بەشداریی 8 گۆڵیان کردووە، واتە فلیك 50%ـی توانایەكانی بۆ بردنەوەی ریال مەدرید لەدەست داوە، ڕافینیای بەرازیلی پێنج گۆڵی تۆمار کرد، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی ئەستێرەی پۆڵەندیش 3 گۆڵی تۆمار کرد.

دۆخی ئالۆنسۆ چۆنە؟
لە یانەی ریال مەدرید كێشەی ئامادەنەبوون و پێكانی یاریزانان كەمترە، ئالۆنسۆ توانایەكانی ئارنۆڵد، كارڤاخاڵ، سیبایۆس و هۆیسنی بۆ گەڕاوەتەوە،
لە بەرامبەردا ڕیال مەدرید تەنها دوو یاریزانی بەرگری ئەنتۆنیۆ ڕودیگێر و دەیڤد ئالابای لەدەستداوە، بەڵام میلیتاو، هویسن و ئاسێنسیۆ هیچ کێشەیەکی بەرچاویان نییە.

 
Fly Erbil Advertisment