لە تورکیا بەشێک لە هاووڵاتییان ئۆتۆمبێلەکانیان دەفرۆشن بۆ ئەوەی زێڕ بکڕن
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ هاووڵاتییانی تورکیا، کە ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری و هەڵاوسان بوونەتەوە، بووەتە ناونیشانێک بۆ وەبەرهێنان و خۆپاراستن لە دابەزینی بەهای لیرەی تورکی. ئەم ڕێگایەش بازاڕی ئۆتۆمبێلی، کە ماوەی چەند ساڵێکە لە وەستاندایە، زیاتر پەکخستووە. لە کاتێکدا کە لە بازاڕدا ئۆتۆمبێلی نوێ بە کەمتر لە یەک ملیۆن لیرە دەستناکەوێت، هاووڵاتییانی تورکیا لە جیاتی کڕینی ئۆتۆمبێل، زێڕ دەکڕن. بەشێک لە هاووڵاتییانیش ئۆتۆمبێلەکانیان دەفرۆشن بۆ ئەوەی زێڕ بکڕن.
لە تورکیا نرخی ئۆتۆمبێل بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و لە بازاڕدا ئۆتۆمبێلی نوێ (سفر کیلۆمەتر) بە کەمتر لە یەک ملیۆن لیرە دەست ناکەوێت. هەرچەندە بانکی ناوەندیی تورکیا دەستی بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود کردووە، بەڵام بازاڕی ئۆتۆمبێل جووڵەی تێنەکەوتووە و ماوەی دوو بۆ سێ ساڵە لە وەستاندایە. فرۆشیارانی ئۆتۆمبێل ئاماژە بەوە دەکەن، تاوەکو ڕێژەی هەڵاوسان دانەبەزێت و توانای کڕینی هاووڵاتیان باش نابێت، بازاڕی ئەوانیش گەرم نابێتەوە.
بایرام دەلی، فرۆشیاری ئۆتۆمبێل بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو هاووڵاتیانەی ناتوانن ئۆتۆمبێلی نوێ بکڕن، ڕوو لەم بازاڕە کراوەیەی ئۆتۆمبێلی دەستی دوو دەکەن، بەڵام ئێرەش چۆڵە و زۆربەی سەردانکەران بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە. بە بڕوای من، ئەو کەسانەی پارەیان هەیە ئۆتۆمبێل ناکڕن، بەڵکو بۆ وەبەرهێنان زێڕ دەکڕن. ئەوانەش کە ئۆتۆمبێلیان هەیە، دەیانەوێت بیفرۆشن و سوود لە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ وەربگرن."
هاووڵاتییەکی دیکەی تورکیا دەڵێت: نرخی ئۆتۆمبێل لە تورکیا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 24٪ بەرزبووەتەوە، بەڵام ڕێژەی هەڵاوسان 33٪ـە. لە بەرامبەردا، نرخی گرامێک زێڕ بە بەراورد بە ساڵی پار 92٪ بەرزبووەتەو."
لە تورکیا، هەرچەندە ئۆتۆمبێل بەهۆی باجی زۆرەوە گرانە، بەڵام بە بەراورد بە هەڵاوسان هێشتا بە هەرزان ماوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، خواستی کڕین لە بازاڕدا لاوازە، چونکە توانای کڕینی هاووڵاتیان نەماوە. ئەوانەش کە پارەیان هەیە، یان زێڕ دەکڕن یان بۆ وەرگرتنی سوود پارەکانیان لە بانکەکان دادەنێن.
