هێڵی هەژاری لە ئێران؛ جیاوازیی قسەی بەرپرسان و واقعی گوزەرانی خەڵک

گوزەرانی ئێستای خێزانێکی سێ تا چوار کەسیی لە ئێراندا، بە کەمتر لە 40 ملیۆن تومەنی مانگانە بەڕێوە ناچێت، ئەمە جگە لە تێچووی نەخۆشی و ڕووداوی چاوەڕوان نەکراو.

ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا' لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە "یاسای کار، جەخت دەکاتەوە لەوەی کرێی مانگانەی کرێکاران، دەبێت لانیکەم لە سەرووی ئاستی هێڵی هەژارییەوە بێت؛ بەڵام ئەمە لە هیچ کات و شوێنێکدا ڕەچاو نەکراوە و مەودای نێوان گوزەرانی هەژاران و داهاتیان، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت."

ڕاپۆرتەکە دەڵێت: بەرزترین داهاتی مانگانە کرێکار لە ئێراندا 16 ملیۆن تومەنە، لە کاتێکدا بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکان، هێڵی هەژاریی خێزانێکی سێ تا چوار کەسی، گەیشتووەتە 40 ملیۆن تومەنی مانگانە. 

نزیکەی %90ـی مووچەخۆرانی ئێران، کرێکارانی پسپۆڕ، فەرمانبەران، مامۆستا و پەرستارانن و ئەوانەش لەژێر هێڵی هەژاریدا دەیگوزەرێنن، چونکە بەرزترین مووچەی فەرمانبەرێکی ئاسایی حکوومی، نزیکەی 24 ملیۆن تومەنە.

 فاتمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکوومەت، دەڵێت: پشتیوانیی دارایی دەوڵەت (یارانە) دەتوانێت بە ڕادەیەکەی زۆر، کەمایەسییەکانی گوزەرانی هەژاران پڕ بکاتەوە و ئێستە هێڵی هەژاری لە ئێراندا بۆ هەر تاکێک، شەش ملیۆن و 128 هەزار و 739 تومەنی مانگانەیە!

بە پێچەوانەی بۆچوونەکەی گوتەبێژی دەوڵەت، کۆمیسیۆنی ئابووریی پەرلەمانی ئێران، هێلی هەژاریی لە تاران بە 30 ملیۆن تومەن دیاری کردووە و ڕایگەیاندووە نزیکەی 30 ملیۆن کەس لە ئێراندا لەژێر هێڵی هەژاریدان.

ئەوەی بەلای چاودێران و خەڵکیشەوە مایەی سەرسووڕمانە، ئەو ژمارە نەگونجاو و نا واقیعیەیە کە فاتمە موهاجەرانی، وەک هێلی هەژاری دیاری کردووە، واتە شەش ملیۆن و 128 هەزار و 739 تومەن! ئایا گوتەبێژی دەوڵەت ئاگاداری بەرزبوونەوەی ترسناکی نرخی نان نییە؟ ئایا نازانێت نرخی یەک کیلۆ گۆشتی سوور لە یەک ملیۆن تومەنی تێپەڕاندووە؟ ئەی هیچ بیری لە تێچووی هاتوچۆ و کڕینی پێداویستییەکانی قوتابخانە و نرخی ئاو و کارەبا کردووەتەوە؟

بە گوێرەی ڕاپۆرتە داراییەکانی دەزگا ڕەسمییەکانی حکوومەت، ئاستی هەڵاوسان لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا گەیشتوەتە زیاتر لە %45، بە واتایەکەی تر، نرخی سادەترین پێداویستی ڕۆژانە بەو ئەندازەیە زیادی کردووە لە کاتێکدا داهات وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ زیادی نەکردووە. 

فەرامەرز تەوفیقی، چالاکوانی کرێکاری لەم بارەیەوە دەڵێت: تەنانەت ئەگەر قسەکانی گوتەبێژی دەوڵەت بە ڕاست وەربگرین و قبووڵی بکەین کە ساڵی پار هێڵی هەژاری بۆ هەر تاکێک شەش ملیۆن و 128 هەزار تومەن بووە، دیسانەوە بەو ئەنجامە دەگەین کە یارانە هیچ کێشەیەکی چارەسەر نەکردووە؛ چونکە تەنیا هەڵاوسانی نرخەکان لە مانگی حوزەیراندا شایەتیی سەختتربوونی گوزەرانی خەڵکە هەژارەکەن.

عەلیڕەزا خوڕەمی، کرێکار، دەڵێت: ئەو ژمارەیەی گوتەبێژی حکوومەت وەک هێڵی هەژاری دیاری کردووە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ واقیعی گوزەرانی کرێکاراندا ناگونجێت. ئێستا نەک 15 ملیۆن، بەڵکوو 40 ملیۆن تومەنی مانگانەش بۆ گوزەرانێکی ئاسایی خێزانێکی چوار کەسی، کەمە. ئەمە ئەگەر ئەو خێزانە هیچ تێچووی دیکەی وەک کڕینی دەرمان و جلوبەرگ و گەشتێکی خێزانییان نەبێت.

لە ڕاستیدا، قسەکانی فاتمە موهاجەرانی، گوتەبێژی فەرمیی دەوڵەتی ئێران، هەرگیز لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا ناگونجێت کە خەڵکی هەژاری ئێران، ڕۆژانە بۆ گوزەرانی ژیانی مەمرە و مەژی، تەقەللای سەخت دەدەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment