بێلینگهام بەهۆی ئاماژەیەك رەنگە بەتوندی سزا بدرێت

پێشتر لەسەر ئەم رەفتارە سزا دراوە

جود بێلینگهام ناوەراستكاری یانەی ریال مەدرید ـ كلاسیكۆ ـ بێرنابیۆ ـ 26 ئۆكتۆبەری 2025
جود بێلینگهام ناوەراستكاری یانەی ریال مەدرید ـ كلاسیكۆ ـ بێرنابیۆ ـ 26 ئۆكتۆبەری 2025

جوولەیەكی جود بێلینگهام، ناوەراستكاری ریال مەدرید هاندەرانی بارسێلۆنای توڕە كرد و گرژی خستە نێو كەشوهەوای كلاسیكۆ، بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵێكی بەریتانیا رەنگە بەهۆی ئەم ئاماژەیە بێلینگهام بەتوندی سزا بدرێت.
ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاشکرایان کردووە، ڕەنگە جود بێلینگهام ئەستێرەی یانەی ڕیال مەدرید ڕووبەڕووی سزایەكی قورس بێتەوە، بەهۆی ئاهەنگگێڕانەكەی لە دوای تۆماركردنی گۆڵەكەی لە دژی بارسێلۆنا.
لە گەڕی دەیەمی لالیگا، ریال مەدرید لە كلاسیكۆ لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ شكستی بە بارسێلۆنا هێنا و بە جیاوازی پێنج خاڵ لە پێشەنگی لالیگا پێش بارسێلۆنا كەوتەوە، بێلینگهام لە كلاسیكۆی ئەمجارە گۆڵێك و ئاسیستێكی كرد و ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانیا، ڕەنگە بێلینگهام ڕووبەڕووی سزای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ببێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئاهەنگی گێرا و زمانی دەرهێنا، ئەمەش لە كاتێكدایە ساڵی ڕابردوو هەمان كاری كرد و لە لایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا سزا درا.
بێلینگهامی تەمەن 22 ساڵ، لە یاریی نێوان هەڵبژاردەی ئینگلاند و سلۆڤاكیا لە یۆرۆی 2024 كە تێیدا ئینگلاند 2 ـ 1 یارییەكەی بردەوە، بێلینگهام زمانی دەرهێنا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە لایەن یوێفا بە 25 هەزار پاوەند لەگەڵ سڕكرانی بۆ یەك یاریی سزا درا.
جودا بێلینگهام لە كلاسیكۆ بەرامبەر بارسێلۆنا هەمان ئاماژەی بە زمانی دووبارە كردەوە و لەبەردەم كامێراكان بە ڕوونی دیار بوو، ئەمەش گرژی و توڕەبوونی یاریزانانی بارسێلۆنای لێكەوتەوە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، پێشتر یاریزانەكان ئاگادار كراونەتەوە خۆیان بپارێزن لەو جۆرە رەفتارانە كە یاریزانەكانی تیپی بەرامبەر توڕە دەكەن، بۆیە پێشبینی دەكرێت فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لێكۆڵینەوە لەو "زماندەرهێنانەی" بێلینگهام بكات كە بەرامبەر هاندەران و یاریزانانی بارسێلۆنا بەكاریهێنا، ئەم حاڵەتەی بێلینگهام هۆكار بووە بۆ ئەوەی لە دوای یارییەكە گرژییەكان زیاتر بن و بەهۆیەوە پێدری بۆ یەكەمجار لە كاروانی وەرزشی خۆی كارتی سووری بەڕوویدا بەرز كرایەوە، دواتر بووە هۆی ئەوەی لە ناو یاریگە و لە دەرەوەی یاریگەی شەڕ بكەوێتە نێوان یاریزانان و ستافی كارگێری و هونەری هەردوولا كە تێیدا ڤینسیۆس و كارڤاخاڵ بە توندی هەوڵیاندا پەلاماری لامین یامال بدەن.

 

 
Fly Erbil Advertisment