"ئاستی ئەستێرەكانی ریال مەدرید بەرەو دابەزین دەڕوات"
نیگەرانی لە دابەزینی ئاستی ئەستێرەكانی ریال مەدرید دروست دەبێت
سەرچاوەیەكی راگەیاندنی ئیسپانیا لێكۆڵینەوەیەكی كردووە و رایگەیاندووە سەرەڕای سەركەوتنە گەورەكانی ئەم وەرزەی یانەكە بەڵام بەشێك لە ئەستێرەكانی ریال مەدرید لەژێر سەرپەرشتی ئالۆنسۆ ئاستیان دابەزیوە، ئەمەش نیگەرانی لە لای هاندەرانی ریال مەدرید دروست كردووە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیا لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ریال مەدرید بە باشترین شێوە كۆتایی بە زنجیرەیەك سەركەوتنی قورس هێنا، بەڵام سەرچاوەكە بە مانشێتێكی گەورە نووسیویەتی: ئاستی بەشێك لە ئەستێرەكانی ریال مەدرید دابەزیوە.
فرانك ماستانتونۆ، ئەستێرە لاوە ئەرجەنتینییەكەی ریال مەدرید لە دەستپێكی ئەم وەرزە سەرنجی ئالۆنسۆی راكێشا و بەشداریی هەشت یاریی كرد، بەڵام دوور لە چاوەڕوانییەكان ئەم یاریزانە لە كلاسیكۆ بۆ یەك خولەكیش بەشداریی نەكرد.
ئالۆنسۆ پێشتر زۆر بە سەرسامییەوە گوتی: فرانکۆ چەندین تایبەتمەندی هەیە و بەشێوەیەكی زۆر سەرسوڕهێنەر خۆی لەگەڵ ریال مەدرید گونجاندووە، من ئاست و کوالیتی و نماییش و کەسایەتی و روحی كێبڕكێی فرانكۆم خۆشدەوێت.
لە راپۆرتەكەی رۆژنامەی ئاس، هێما بۆ ئەوەش كراوە لە دوو یاریی ڕابردوودا ڕۆڵی فرانکۆ ماستانتونۆ لە یانەی ڕیال مەدرید بەشێوەیەکی بەرچاو كەمبووەتەوە، تەنیا شەش خولەک بەرامبەر یوڤێنتۆس یاری کرد و بەرامبەر بارسێلۆناش رێگەی پێنەدرا لە یەكەمین كلاسیكۆ لە كاروانی وەرزشی خۆی بكات.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمان بوو لای شرۆڤەكاران ئەو دوو یارییەی ریال مەدرید لە ڕووی تاکتیکییەوە تەواو جیاواز بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانەکە لە پلانەکانی ئەلۆنسۆی ڕاهێنەردا نەبوو.
لە یارییەکەی ریال مەدرید بەرامبەر یۆڤانتۆس، ئالۆنسۆ پشتی بە سێ یاریزانی هێرشبەر بەستبوو، بەڵام ئەلۆنسۆ پێی باشتر بوو برایم دیاز لە لای ڕاستەوە بخاتە نێو یاریگا، ئەوەش ئاماژەیەك بوو کە ئەو یاریزانە مەغریبییەکە لەڕووی گرینگی پێدانەوە لە پێش ماستانتونۆیە. هەروەها لە كلاسیكۆش برایم دیاز یەكەمین گۆڕانكاری تاكیكی ئالۆنسۆ بوو. لە هێڵی ناوەراستیش لە کلاسیکۆ بێلینگهام و کاماڤینگا بینرا.
بەپێی هەڵسەنگاندنەكەی رۆژنامەی ئاس، ئالۆنسۆ وازی هێناوە لەبیرۆكەی پشت بەستن بە 3 هێرشبەر لە پێشەوە، بەمەش ماستانتونۆ بەشێك لە گرینگییەكەی خۆی لەنێو سیستەكەی ئالۆنسۆ لەدەست دەدات.
ئاس نووسیویەتی: ریال مەدرید بە 60 ملیۆن یۆرۆ فرانكۆ ماستانتونۆی گواستەوە و چاوەڕوانییەكی زۆر لەو یاریزانە دەكرا، بەجۆش و خرۆشێكی زۆرەوە لەگەڵ ریال مەدرید دەستی پێكرد، تاکە گۆڵی ژیانی وەرزشی خۆی بە درێسی ریال مەدرید بەرامبەر لیڤانتی بوو، بەڵام وردە وردە لە هەفتەكانی دواتر ئاستی دابەزی، بەگشتی تەنیا دوو شووتی ئاراستەی گۆڵی بەرامبەر كردووە و پێنج بڕینی سەركەوتووشی هەبوو، ئەمەش ئامارێكی خراپە و ئاماژەیەكە بۆ دابەزینی ئاستی.
لە لایەكی دیكەیشەوە ئالۆنسۆ ئەو یاریزانەی ئاگادار كردووەتەوە كە رەنگە لە یاریی رۆژی شەممەی داهاتوو بەرامبەر ڤالێنسیا دەرفەتێكی دیكەی پێ بدات، جگە لەوەش ئاگادار كراوەتەوە دەبێت شەڕ بكات بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پێكهاتەی ریال مەدرید بكاتەوە و دەبێت بیسەلمێنێت شایەنی ئەوەیە لە بێرنابیۆ یاری بكات.
لە لایەكی دیكەیشەوە، ئاندریكی هێرشبەری لاوی بەرازیلی بە تەواوەتی لە پلانەكانی چابی ئالۆنسۆ نەماوە، لە كاتێكدا هاندەرانی ریال مەدرید ئەم یاریزانەیان وەكو رۆناڵدۆی دیاردە وەسف دەكات، پێشبینی دەكرێت ئەم یاریزانە لە گواستنەوەی زستانە یانەكە جێبهێڵێت. جگە لەوەش رۆدریگۆی بەرازیلیش بە بەراوردی دوو وەرزی رابردوو ئاستی دابەزیوە و تا دێت دەرفەتی یاریكردنی لە ریال مەدرید كەم دەبێتەوە.
Mastantuono apenas juega seis minutos en los duelos ante Juve y Barcelona y ve cómo se cae del plan inicial de gala de Xabi Alonso.
— Diario AS (@diarioas) October 28, 2025
✍️ @AS_ManudeJuan
🔗 https://t.co/4sXKPIUm6n pic.twitter.com/bkpk37X7MG
