بەهۆی وشکەساڵی ئاوی بەنداوەکانی پارێزگای ورمێ زۆر کەمیکردووە
چەند ساڵێکە وشکەساڵی ناوچەکانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و بێجگە لە وشکبوونی دەریاچەی ورمێ، ئاستی ئاوی بەنداوەکانی پارێزگاکەش زۆر کەمی کردووە و کاریگەریی لەسەر کشتوکاڵی ناوچەکە کردووە، بەو هۆیەوە ئێستا ڕێگری لە چاندنی درەخت لە نزیک بەنداوەکان دەکرێت، ئەوەش نیگەرانیی جووتیارانی ناوچەکەی لێ کەوتووەتەوە.
دوو مانگ لە پاییز تێ پەڕێوە و هێشتا باران نەباریوە، ئەوەش مەترسیی وشکەساڵیی تەواوی لێ کەوتووەتەوە، بەو هۆیەوە لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکاری جیاواز گیراوەتە بەر، لەوانە چاندنی درەخت لە نزیک بەنداوەکان قەدەغە کراوە، تەنانەت ئەو باغانەی پێشتریش لێ دراون، دەبێ دارەکانی هەڵبکێشرێنەوە، ئەوەش باغداران و جووتیارانی ناوچەکەی نیگەران کردووە.
قادر مێهدیزادە، باغدار گوتی: تەنانەت کانیاوەکانی سەر ئەو کێوە بڵندانەش وشکبووە، ئەمە دووەم مانگی پایزە هێشتا باران نەباریووە، دەشڵێت: بەهۆی ئەو بیئاویەوە، ئاستی ئاوی بەنداوەکان زۆر کەمیکردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، ساڵانی ڕابردوو سەردانی چەند بەنداوێکمان دەکرد نەماندەتوانی نزیک بکەینەوە، بەڵام ئێستا پێنج تا شەش کیلۆمەتر دەرۆین ئاوی تێدا نەماوە، جووتیارانیش زۆر تووشی ئاستەنگ بوونەتەوە، تەنانەت ناهێڵن لەنزیک بەنداوەکان باغداریش بکرێت.
باغدارێک دەڵێت، ئاوی بەنداوی ناوچەکەی خۆمان بۆ ئێمە نییە، بەو شاخوداخەوە داهاتمان ئەو داروبارەیە خەریکە ئەوەش نەهێڵن، دەبێ کەسێک چاری ئەو کێشەیە بکات.
زورار حەقدووست، باغدار دەڵێت: ناهێڵن دار بڕوێنین، ئەو دارانەشی لە نزیک بەنداوەکان چێندراون، هەڵیان دەکێشن، بۆیە دەبێت کەسێک هەبێت چارەی ئەو دۆخە بکات کە جووتیاران پێیەوە گرفتار بوون، هەرکەسێک دێت ستەممان لێ دەکات، ئەمە چۆن دەبێت؟ ئێمە بەنداوەکەمان دروست کردووە بەڵام سوودی بۆ ئێمە نییە.
دۆخی خراپی باغداران و جووتیاران لە کاتێکدایە، محەمەد ڕەزا ئەسغەری، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ بە میدیای ئێرانی گوتووە، پارێزگاکە 840 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵیی هەیە و ساڵانە حەوت ملیۆن تۆن جۆرەکانی بەرهەمی کشتوکاڵی لە پارێزگاکە بەرهەم دێت، بۆیە کەرتی کشتوکاڵ زۆرترین ڕێژەی ئاوی پارێزگاکە بەکار دێنێت و دەیانهەوێت چاکسازی لە شێوازەکانی کشتوکاڵدا بکەن.
