لە هەولێر بەردی بناغەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی 'جۆیس بڵەو' دانرا

لە ژێر چاودێریی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و لەسەر ئەرکی وەبەرهێنەرێکی کورد، بەردی بناغەی کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخی پەروەردەیی بە ناوی جۆیس بڵەو لە هەولێر دانرا.

پڕۆژەکە بریتییە لە کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی نێودەوڵەتی، کە لە قۆناغی باخچەی ساوایان تا قۆناغی ئامادەیی لەخۆ دەگرێت و لە سەر ئەرکی کۆمپانیای ژیر، کە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە و لە بواری پەروەردە کار دەکات، ئەنجام دەدرێت.

بەختیار حوسێن ئه‌حمه‌د، خاوەنی کۆمپانیای خێزانی ژیر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: پرۆژەکە دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی بەحرکە و بڕیار وایە بە گوژمەی شەش ملیار دینار لەسەر ڕووبەری پێنج هەزار مەتر دووجا لە ماوەی دوو ساڵدا جێبەجێ بکرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، کۆمەڵگەی پەروەردەیی جۆیس بڵەو  پرۆژەیەکی کەرتی تایبەتە و لە ژێر ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە وەک قوتابخانەیەکی ناحکوومی کار دەکات و خوێندن تیایدا بە زمانی ئینگلیزی دەبێت.

بەختیار حوسێن گوتیشی، ئامانجی  پرۆژەکە ڕەخساندنی ژینگەیەکی نێودەوڵەتییە بۆ پێگەیاندنی نەوەکانی کوردستان کە تیایدا بایەخێکی زۆر بە زمان و ئەدەبیات و میژووی کورد و کوردستان بدرێت، هەوڵیش دەدرێت لە داهاتوودا بە ڕەزامەندیی کونسوڵخانەی فەرەنسا زمانی فەرەنسیشی تێدا بخوێنرێت.

پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم و محه‌ممه‌د شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و كەندال نەزان، سەرۆكی ئەنستیتیوتی كورد لە پاریس، ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکە بەڕێوە چوو.

جوێس بڵەو خاتوونێکی فەرەنسییە، لە زانکۆی سۆربۆنی فەرەنسا دکتۆرای لە زمانی کوردی وەرگرتووە و هەر لەو زانکۆیەش بووەتە مامۆستای زمانی کوردی، وەک نووسەر و چالاکوان بۆ ماوەی نیوسەدە لە زانکۆکان وبڵاوکراوەکانی ئەورووپا و جیهان خزمەتی زمانی کوردی کردووە، تاوەکوو کۆچی دواییشی کردووە بەڕێوەبەری ئەنستیتیوتی كوردی پاریس بووە.

ئەم پسپۆڕەی زمانی کوردی بڕیار بوو لە  لە 13/11/2024 بۆ بەشداری لە مەراسیمی سەد ساڵەی لەدایکبوونی خاتوو دانیال میتران کە لە هەولێر بەڕێوە چوو، سەردانی کوردستان بکاتەوە، بەڵام مەرگ ڕێگەی نەدا و لە 24/10/2024 لە فەرەنسا کۆچی دوایی کرد.

 
Fly Erbil Advertisment