زاخارۆڤا: له‌ ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی هه‌سه‌ده‌ جموجوڵی داعش زیاتر بووه‌

نیگه‌رانین

K24 – هه‌ولێر:

رووسیا نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی له‌ هه‌مبه‌ر جموجووڵی چه‌كدارانی داعش له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی سووریادا.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، "ماریا زاخارۆڤا" رایگه‌یاند، "جووڵه‌ی شانه‌ نووستووه‌كانی داعش و كرده‌وه‌كانیان له‌ خۆرهه‌ڵات و ناوه‌ڕاستی سووریا، به‌ تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی كوردییه‌وه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی فورات نیگه‌رانی زۆری لای رووسیا درووستكردووه‌.

"ماریا زاخارۆڤا" گوتیشی: راپۆرتی رۆژانه‌مان پێده‌گات و ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن، هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كان بۆ سه‌ر یه‌كه‌كانی سوپا و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و یه‌كینه‌ كوردییه‌كان.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، هیوای خواست، لیژنه‌ی داڕشتنی ده‌ستووری سووریا له‌ جنێف تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌ كۆبوونه‌وه‌ و دانووستانه‌كانی له‌ باره‌ی ده‌ستووری سووریا ده‌ستپێبكاته‌وه‌.