کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم زیاتر لە 24 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی ڕاکێشاوە و سەدان هەزار هەلی کاری ڕەخساندووە
ئابووریی هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی گەشەسەندنی خێرادایە و بەرەو سەربەخۆیی زیاتر هەنگاو دەنێت، دەرفەتەکان فراوان بوون و هەلی کاری زیاتر ڕەخساوە، ئەمەش بەهۆی سیاسەتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوەیە کە گرنگییەکی زۆری بە هەمەچەشنکردنی ئابووری و کەرتی وەبەرهێنان داوە.
لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکارییەکی بەرچاوی بۆ وەبەرهێنان کردووە، کە بووەتە هۆی ئەوەی کۆی گشتیی وەبەرهێنان بگاتە 24 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار. ئەم بڕە پارەیە لە 596 پرۆژەی جیاوازدا لە 12 کەرتی سەرەکیدا خەرج کراوە.
بەپێی ئامارەکان، دابەشبوونی پرۆژەکان بەم شێوەیە بووە:
بازرگانی: 154 پرۆژە
پیشەسازی: 149 پرۆژە
گەشتیاری: 80 پرۆژە
نیشتەجێبوون: 62 پرۆژە
فێرکردن: 53 پرۆژە
تەندروستی: 35 پرۆژە
کشتوکاڵ: 24 پرۆژە
وەرزش: 15 پرۆژە
هاوبەش و بیانی: 11 پرۆژە
خزمەتگوزاری: 8 پرۆژە
هونەری: 3 پرۆژە
بانکەکان: 2 پرۆژە
ئەم جووڵە ئابوورییە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕەخساندنی هەلی کار هەبووە. لە ڕێگەی کەرتی وەبەرهێنانەوە 140 هەزار هەلی کار و لە ڕێگەی کارگە پیشەسازییەکانەوە زیاتر لە 18 هەزار هەلی کار دابین کراوە. هەروەها، 8,136 گەنج لە سندووقی پشتیوانیی پرۆژە بچووکەکانی لاوان سوودمەند بوون. بەمەش کۆی ژمارەی کرێکارانی ناوخۆیی و بیانی لەم پرۆژانەدا گەیشتووەتە 205 هەزار کرێکار.
حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە وەبەرهێنان کۆڵەکەی سەرەکیی پێشخستنی ئابوورییە و کارکردن لەسەر بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و زیادکردنی بەشداریی کەرتی تایبەت بەردەوام دەبێت، بە ئامانجی بنیاتنانی کوردستانێکی ئاوەدانتر و بەهێزتر.
