کارزان هادی: سبەی دەست بە کارکردن لە ڕێڕەوی ژیان دەکرێت

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی ڕێڕەوی ژیان لە هەولێر دادەنرێت.

کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەین بۆ پشتیوانیکردنی ئەم پرۆژە ستراتیژییە کە هاوشێوەی پرۆژەکانی دیکەی وەک ئاوی فریاگوزاری خێرا و ڕووناکی، گرنگییەکی زۆری بۆ شارەکە هەیە."

سەرۆکی شارەوانی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پرۆژەیە وەڵامێکە بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە کاریگەرییەکانی بەتایبەت لە عێراق دەرکەوتووە، و جێبەجێکردنی دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و گەشتیاریی پایتەخت، ئەم پرۆژەیە درێژییەکەی 25 کیلۆمەترە، لە شەقامی 150 مەتری لە پشتی گەڕەکی شاوەیس دەست پێدەکات و تا ڕێگاکانی کۆیە، کەرکوک و مەخموور درێژدەبێتەوە.

کارزان هادی ڕوونی کردەوە، ئەو ناوچەیە لە ڕابردوودا کەندێک بووە بۆ پاراستنی هەولێر لە لافاو، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی شارەوە بووەتە ڕێڕەوێک بۆ ئاوی پیسی ماڵان. خۆشبەختانە، لە دیزاینی نوێی پرۆژەکەدا ئاوی پیس بە ئاوەڕۆیەکی سندوقی (Box Culvert) دەگوازرێتەوە و ڕێڕەوەکە وەک شوێنێکی گەشتیاری و سەوزایی بەکاردەهێنرێت.

بڕیارە لە سبەینێوە تیمەکانی کارکردن دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە بکەن.

پرۆژەی ڕێڕەوی ژیان لە سێ دەریاچە پێک هاتووە و بە چواردەوری هەولێردا دەسوورێتەوە، دیزاینەکەی لەلایەن ئەندازیارایانی ناوخۆی و ڕاوێژکارانی ئیتاڵییەوە دانراوە ، ئیدی سیمایەکی جوان بە شاری هەولێر دەبەخشێت و هەولێر دەچیتە قۆناغێکی دیکەوە.

پانی ڕێڕەوی پرۆژەکە نزیکەی 15 بۆ 25 مەترە، هەروەها قووڵییەکەشی پێنج مەترە، ئاوی پرۆژەکە بە دوو ڕێڕەو دابەش دەكرێت و  بەشێوەی بازنەیی بە دەوری شار دا دەسوڕێتەوە، کە لەقۆناغی یەکەم لە گەڕەکی شاوەیس و سێبەردان دەست پێدەکات تا دەگاتە ڕێگای سەرەکیی کەرکووک و دواتر ڕێگای مەخموور.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment