گواردیۆلا: من لەگەڵ مێسی بە هێرشبەری ساختە یارییم كردووە

گواردیۆلا: زۆر زەحمەتە یاریزانێك بدۆزیتەوە خەمی تیپەكەی بێت

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی پێش یارییەكەی ئەمشەویان بەرامبەر دۆرتمۆند نیگەرانی خۆی لە خشتەی یارییەكانی پرێمەرلیگ دەربڕی، دەشڵێت: هالاند تاكە یاریزانە لە خەمی تیپەكەی دایە.

ئەمشەو له‌ گه‌ڕی چواره‌می قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ لە كاتژمێر 11:00ـی شەو به‌كاتی هه‌ولێر لە یاریگەی ئیتیحاد مانچێستەر سیتی میوانداریی بۆرووسیا دۆرتمۆند ده‌كات و پێش یارییه‌كه‌ش پێپ گواردیۆلا رایگه‌یاند هالاند مرۆڤێكی زۆر ساده‌ و نایابه، مان سیتی بە كۆكردنەوەی حەوت خاڵ خانەی حەوتەمی چامپیۆنزلیگی گرتووە ،دۆرتمۆندیش هەمان باڵانسی خاڵی هەیە، بەڵام بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی شەشەم دێت.
لەم یارییە مان سیتی بەهۆی پێكان تەنیا لە تواناكانی ماتیۆ كۆڤاسیچ بێبەش دەبێت، پێپ گواردیۆلا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئەوەی لە پرێمەرلیگ روودەدات لە هیچ خولێكی دیكە بوونی نییە، دەشڵێت: لەگەڵ خشتەی پرێمەرلیگ راهاتووم، هەموو خولەكانی دیكە بەهۆی یانەكانیان لە چامپیۆنزلیگ رۆژی هەینی یارییەكانیان دەكەن، بەڵام تەنیا لە ئینگڵاند نەبێت هیچ بیر لە یانەكانیان ناكەنەوە و خشتەی خولەكە بەهۆی هیچ شتێكی گرینگ ناگۆڕن، بۆیە بەراستی بڕیارم داوە قسە لەسەر ئەو شتە نەكەم و خۆمی لەگەڵ رابێنم.
گواردیۆلا دەشڵێت: لەگەڵ مێسی، لیڤاندۆڤسكی، ئەگوێرۆ و فۆدینیش بە هێرشبەری ساختە یارییم كردووە، بەڵام لەگەڵ هالاند ئەوە ناكەم، هالاند لە هێرشبەری زۆر باشە و پێویستە ئێمە خۆمان لەگەڵ ئەو بگونجێنین، زۆر ئەستەمە لەم سەردەمە یاریزانێكی كوالێتی بەرزی سادە بدۆزیتەوە كە تەنیا خەمی تیپەكەی بێت، كاتێك یاریزانێكی وەكو هالاند بەرێز و پڕ وزەت دەبێت و هەرچی بڵێیت بە گوێت دەكات، پێویستە گرێبەستەكەی بۆ ماوەی 10 ساڵ نوێ بكەیتەوە، هەمیشە هێرشبەرەكان بیر لە گۆڵكردنی خۆیان دەكەنەوە بەڵام هالاند هەمیشە لە خەمی تیپەكەیەتی.

مێژووی رووبەڕبوونەوەكانیان
لە مێژووی چامپیۆنزلیگ هەردوو یانە شەش یارییان بەرامبەر یەكتری كردووە، مان سیتی 3 سەركەوتنی بەدەستهێناوە و دۆرتمۆندیش یەك بردنەوەی هەیە و لە دوو یارییش بەرامبەربوون، لە مێژووشدا دۆرتمۆند نەیتوانیوە لە ئیتیحاد ستەدیۆم سەركەوتن بەدەست بهێنێت، لەم وەرزە دۆرتمۆند لە سەرجەم یارییەكانی دەرەوەی یاریگەی خۆی گۆڵێك یان زیاتری تۆمار كردووە، ئەگەرچی لە دوایین سێ سەردانی بۆ مانچێستەر دۆرتمۆند هیچ سەركەوتنێكی نەبووە و لە دواین دوو یارییش بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك بە دۆڕاوی گەڕاوەتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment