هێنری بە توندی هێرش دەکاتە سەر ئەستێرەیەكی ڕیال مەدرید

پێیوایە یاریزانێكی ریال مەدرید هاوكاری لیڤەرپوولی كردووە

تیری هێنری لە كاتی شیكاری بۆ یارییەكەی لیڤەرپوول و ریال مەدرید
تیری هێنری لە كاتی شیكاری بۆ یارییەكەی لیڤەرپوول و ریال مەدرید

تیری هێنری فەرەنسی هێرشێکی توندی کردە سەر ڤینیسیۆس جونیۆری هێرشبەری یانەی ڕیال مەدرید دوای ئەوەی شەوی رابردوو تیپەكەی لە چامپیۆنزلیگ لە یاریگای ئەنفێڵد بەرامبەر لیڤەرپوول دۆڕا.
لە قۆناغی خولی چامپیۆنزلیگ، ریال مەدرید لە یاریگەی ئانفیڵد بووە میوانی لیڤەرپوول، لە خولەکی 61 ئەلێکسیس ماک ئەلیستەر تاکە گۆڵی یارییەکەی تۆمارکرد و تیپەکەی ئارن سلۆتی راهێنەری هۆڵەندی شكستی بە ریال مەدرید هێنا، ئەمەش یەکەم دۆڕانی ئەم وەرزەی یانە ئیسپانییەكە بوو لە چامپیۆنزلیگ.
لە دوای یارییەكە، تێری هێنری لە کەناڵی سی بی ئێس سپۆرت شیكاری بۆ یارییەكە كرد و هێرشێكی توندی كردە سەر ڤینسیۆس كە نەیتوانیوە بە درێژایی یارییەكە هیچ لێدانێك ئاراستەی گۆڵی لیڤەرپوول بكات.
هێنری ڕەخنەی لە ڤینی گرت و پێیوایە ئاسانکاریی بۆ کۆنۆر برادلی بەرگریکاری ڕاستی لیڤەرپوول کردووە کە ئەرکی راگرتنی ڤینسیۆسی پێسپێردرا بوو، بە درێژایی یارییەكە ڤینی نەیتوانتی ئەو بەرگریكارەی لیڤەرپوول تێپەڕ بكات، لە بەرامبەردا برادلی بە ئاسانی سەردەكەوت و یارمەتی هێرشبەرانی دەدات.
هێنری گوتیشی: من تێناگەم بۆچی ڤینسیۆس ئاوها بێباك و خەمسارد بوو، زۆرجار دەیتوانی تۆپەكە بۆ یاریزانێكی ناوەراست یان بۆ ئێمباپێ بنێرێت و ببێتە هێرش و لێدانێكی بەهێز بۆ سەر گۆڵی لیڤەرپوول، بەڵام ڤینی جگە لە نماییش و سووڕانەوەیەكی بێسوود هیچی تر نەبوو.

هێنری دەشڵێت: لە ماوەی پێنج بۆ حەوت خولەكی سەرەتای یارییەكە بینیم ڤینی بە تەنیا رووبەڕووی كۆنۆر برادلی بووەوە، دەرفەتی ئەوەی هەبوو مەترسییەكی راستەقینە دروست بكات، بەڵام لە جیاتی ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە گۆڵ بكات، كەچی خۆی بەوە سەرقاڵ كرد بوو برادلی كارتی زەرد وەربگرێت. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لیڤەرپوول دەست بەسەر یارییەكەدا بگرێت و لەڕووی هێرشبەرییەوە بەسەر یارییەكەدا زاڵ بوو، لە بەرامبەردا هێرشی ئەستێرەكانی ریال مەدرید زۆر پەرتەوازە و بێسەروبەر بوو.

هێنری گوتیشی: ریال مەدرید ناچاربوو پشت بە گۆڵپارێزەكەیان تیبۆ كۆرتوا ببەستێت كە چەندان سەیڤی كرد، ئێمباپێ و ڤینسیۆس رۆژێكی خراپیان تێپەڕ كرد و تەنانەت نەیانتوانی یەك لێدان ئاراستەی گۆڵی لیڤەرپوول بكەن. لە بەرامبەردا تیپەكەی ئارن سلۆت بەهۆی ئەو بەرگرییە تۆكمەیە بۆ دووەم یاری لەسەریەك تۆڕی گۆڵەكەی بە خاوێنی پاراست.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment