"بەیەكەوە بەرەو مۆندیالی 2026"

رۆبێرتۆ مارتینێز: كریستیانۆ بە هەموو هێزەوە بۆ بردنەوەی مۆندیال هەوڵ دەدات

رۆبێرتۆ مارتینێز راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ
رۆبێرتۆ مارتینێز راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ

لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ، بۆ دوو یاری داهاتووی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بڵاوکرایەوە، جارێكی دیكە كریستیانۆ رۆناڵدۆ سەركردایەتی هێڵی پێشەوەی هەڵبژاردەكە دەكات.
رۆبێرتۆ مارتینێز راهێنەری ئیسپانی هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ، لیستی ناوی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی هەڵبژاردەی راگەیاند کە پێک دێت لە 26 یاریزان، کریستیانۆ رۆناڵدۆ باشترین گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەکە، سەرکردایەتی لیستەکە دەکات. هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ لە دوو گەڕی داهاتووی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی کۆماری ئایرلەندا و ئەرمینیا دەبێتەوە.
پۆرتوگاڵ بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەی شەشەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەوروپای گرتووە و لە دوو یاری داهاتووش، پێویستیان بە تەنها دوو خاڵ هەیە، بۆ ئەوەی بە فەرمی بلیتی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 مسۆگەر بکەن.

كریستیانۆ هەرگیز بیر لە بردنەوەی مۆندیال ناكاتەوە؟
رۆبێرتۆ مارتینێز راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ، لەبارەی لێدوانەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە دەڵێت هەرگیز بیر لە بەدەستهێنانی ناسناوی مۆندیال ناکاتەوە دەڵێت، دۆن ئەفسانەیە و کەسێکی نمونەیە.
راهێنەرە ئیسپانییەكەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەشڵێت: کریستیانۆ یاریزانێکی باوەڕپێنەکراوە، هیچ یاریزانێکی دیکە نییە کە زیاتر لە 200 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی تۆمار کرد بێت. بۆیە پێموایە هەموومان دەتوانین خولیای ئەو ببینین و تێبگەین کە درێسی هەڵبژاردەی نیشتمانی بۆ ئەو مانای چییە. ئەو نمونەیە و هێز و وزەیەكی زۆرباشی هەیە و دڵنیام بە هەموو هێزەوە بیر لە بردنەوەی مۆندیال دەكات و هەوڵیشی بۆ دەدات، گەورەترین خەونی هەموو یاریزانێك بردنەوەی مۆندیالە، خەون، واتە ناسناوی مۆندیال. ئێستا هەموو بیرکردنەوەمان لەسەر ئەوەیە، لە یارییەکانی داهاتوو بتوانین بلیتی مۆندیال مسۆگەر بکەین، هەندێکجار پێویستە سەیری رابردوو بکەینەوە، ئەگەر سەیری بیست خولەکی کۆتایی یارییەکەی بەرامبەر هەنگاری بکەینەوە، پێمان دەڵێت کە وانەیەکی باشی پێداوین بۆ داهاتوو.

هەڵبژاردەی پۆرتوگال، رۆژی 13ـی ئەم مانگە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی ئاریلەندا، دوای سێ رۆژ بەسەر ئەم یارییە، پۆرتوگال لە نێو خاكی وڵاتەكەی رووبەڕووی ئارمینیا دەبێتەوە، پۆرتوگال بە رێژەیەكی زۆر سەركەوتنی بە پلەی یەكەمی كۆمەڵەكەی بۆ مۆندیال مسۆگەر كردووە، بەوپێیەی بە كۆكردنەوەی 10 خاڵ لوتكەی كۆمەڵەكەی گرتووە و بە جیاوازی 5 خاڵ لە هەڵبژاردەی هەنگاریای دووەم دوورە.

 

 
Fly Erbil Advertisment