بایدن نرخی نەوت بەرزدەكاتەوە
مەترسییەكانی لەسەر خواست لە ئەنجامی كۆرۆنا كەمكردەوە
K24 - ھەولێر
بردنەوەی جۆو بایدن لە ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكادا، بووە ھۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
دوای ئەوەی جۆو بایدن، وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ھەڵبژێردرا، نرخی نەوت بەرێژەی زیاتر لە 2% بەرزبووەوە، ئەوەش مەترسییەكانی لەسەر خواست لە ئەنجامی كۆرۆنا كەمكردەوە.
نرخی نەوتی خاوی برێنت بەرێژەی 2.41% بەرزبووەوە و گەیشتە 40.40 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێك، ھەرچی نەوتی خاوی ئەمەریكایە بەبڕی 95 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 38.09 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێك.
وەبەرھێنەرانیش لێكەوتەكانی بایدن لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا و ھەروەھا ھەڵوێستی بەرامبەر بە چین و بەرھەمھێنەرانی سەرەكی نەوت ھەڵدەسەنگێنن، بەڵام ئەندامە سەرەكیەكان لە رێكخراوی ئۆپێك لە ئێستاوە نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بە رێوشوێنەكانی بایدن دەربڕیوە، كە بۆی ھەیە رێكارەكان بەرامبەر بە ئێران و ڤەنزوێلا لە چەند ساڵی داھاتوو سووكبكاتەوە، ئەوەش بە مانای زیادبوون لە بەرھەمھێنانی نەوت دێت و لە ئەنجامیشدا بەدەستھێنانی ھاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕوو ئەستەم دەبێت.
