دیكۆ بە لێدوانێك هاندەرانی بارسێلۆنا دڵتەنگ دەكات
دیكۆ: كێشەكانی خۆمان دەزانین
دیكۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا رایدەگەیەنێت لە گواستنەوەی زستانە بەنیازی هیچ گرێبەستێكی دیكە نین، دەشڵێت: ئێمە دەزانین لە كوێ كێشەمان هەیە، بەڵام دۆخی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی یاریزانی نوێ گونجاو نییە.
بارسێلۆنا لە گواستنەوەی هاوینەی رابردوو تەنیا 3 یاریزانی نوێی گواستەوە، ئەوانیش خوان گارسیای گۆڵپارێز، كاركۆس راشفۆرد و رۆنی بارداخچی بوون.
دیكۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی بارسێلۆنا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی "میرەر"ـی بەریتانیا رایگەیاند ئەگەر هیچ شتێك روونەدات، بەنیاز نین لە گواستنەوەی زستانە هیچ یاریزانێكی نوێ بگوازینەوە.
دیكۆ دەشڵێت: ئێمە باش دەزانین لە كوێ كێشەمان هەیە و لە كوێ پێویستە باشتر بین، بەڵام دەبێت لەگەڵ ئەم یاریزانانە ئارام بگرین، وەرزی رابردووش بە دۆخێكی سەخت دا تێپەڕین، بەڵام توانیمان بەسەریاندا زاڵ بین.
دیكۆ پێشتر وەكو یاریزان بە درێسی بارسێلۆنا 161 یاری كردووە، 20 گۆڵ و 45 ئاسیستی بۆ یانە كەتەلۆنییەكە تۆمار كردووە.
دیكۆ لەبارەی كێشەی پێكهاتەی بارسێلۆنا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئەو زنجیرە پێكانەی تووشمان بوو كاریگەری گەورەی بەتایبەتی لەسەرهێڵی ناوەڕاست دروست كردووە، دەشڵێت: زۆرجار ریتمی یاریی بارسێلۆنا خاو دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی تیپی بەرامبەر زیان بە ئێمە بگەیەنێت، چونكە لەو شوێنانەی یاریزانمان لەدەستداوە، نەمانتوانیوە بەباشی شوێنەكان پڕ بكەینەوە.
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كەتەلۆنیا رایگەیاندووە هانزی فلیك پێیوایە پێكانەكەی گاڤی لە هێڵی ناوەراست كێشەی بۆ دروست كردووە، جگە لەوەش پێویستی بە بەرگریكارێك و هێرشبەرێكی دیكەش هەیە، هاندەرانی یانەكەش لە چاوەڕوانی ئەوە دابوون بارسێلۆنا لە گواستنەوەی زستانە گۆڕانكاری دیكە بكات. چونكە یانەكە بە دۆخێكی ناجێگیر تێپەڕ دەبێت، لە دوایین یاریی لە چامپیۆنزلیگ بە 3 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان لەگەڵ كلەب برووج یەكسانبوو، لە لالیگاش لە كۆی 11 یاری 2 یاریی دۆڕاندووە و یەكسانبوونێكیشی هەیە.
