کتێبی سی تایبەتمەندییەکان، دەروازەیەک بۆ تێگەیشتن لە زانستی کۆمەڵایەتی
کتێبی سی تایبەتمەندییەکان (گەشەی تاک، بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی، بنەماکانی حوکمڕانی) لە نووسینی د. مەحموود سەریعولقەڵەم و وەرگێڕانی کاروان کەریمخان، لە لایەن کۆمەڵگەی فەرهەنگیی ئەحمەدێ خانی، چاپ و بڵاو کرایەوە.
ناوەرۆکی ئەم کتێبە سەبارەت بە گرنگی هزری و فێرکاریی بۆ تاک و کۆمەڵگەیە، بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو لە پێناو دامەزراندنی بەردی بناغەی پەرەسەندنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی.
نووسەری کتێبەکە، لە پێشەکییەکەیدا نووسیویەتی "یەکێک لە نیشانەکانی کەسانی پێگەیشتوو ئەوەیە، جگە لە خوێندنەوەی بەردەوام دەربارەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، کتێبیش دەکەنە دیاری."
خوێندنەوەی ئەم کتێبە، بۆ ئەو کەسانەی کە بیر لە پەرەسەندنی تاک و پێداچوونەوە بە ڕەفتارەکان و باشترکردنی مامەڵە کۆمەڵایەتییەکان و قووڵبوونەوە لە پایەکانی حوکمڕانی دەکەنەوە، بەسوودە.
لە هەمان کاتدا، ئەم کتێبە تەرازوو و پێوەرێکە بۆ خۆهەڵسەنگاندن و چۆنییەتی بیرکردنەوە و سەرچاوەیەکی گونجاوە بۆ قوتابیانی زانکۆ و ئەوانەی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن دەربارەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان.
ناوەرۆکی کتێبەکە بە شێوەیەکی ڕێک داڕێژراوە و چوارچێوەیەکی ڕوونی بۆ خوێندنەوە دارشتووە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی خوێنەر، هەنگاو بە هەنگاو لە بابەتە قورسەکانیش بگات.
