"مانچێستەر سیتی دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ"
مانچێستەر سیتی دوای سەركەوتنە گەورەكەی بەرامبەر لیڤەرپوول جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ ئارسێناڵی پێشەنگی پرێمەرلیگ بۆ 4 خاڵ كەمكردەوە، گۆڵكارێكی مێژوویی خولەكەش مان سیتی بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزە بەربژێر دەكات.
دوای ئەوەی مانچێستەر سیتی لە نێو یاریگەی خۆی بە 3 گۆڵی بێوەڵام شكستی بە لیڤەرپوول هێنا، ئارنی سلۆت راهینەری لیڤەرپوول نەیشاردەوە شایستەی دۆڕان بوون، لە لایەكی دیكەیشەوە گواردیۆلا گوتی: هەر تیپێک دەیەوێت ببێتە پاڵەوان دەبێت تەواوی مانگەکان باشترین ئاستی پێشکەش بکات.
سلۆت: گۆڵێكی دروستی ئێمە ڕەتكرایەوە
ئارنی سلۆت، راهێنەری لیڤەرپوول دوای یارییەكە رایگەیاند مان سیتی لە نیوەی یەکەم لە هەموو ڕووییەكەوە لە ئەوان باشتربوون، دەشڵێت: جیاوازییەکی زۆرهەبوو لە نێوان یاری وەرزی رابردوو لەگەڵ ئەم یارییە، دەرچوون لە نیوەی یەکەم بە دوو گۆڵی بێوەڵام ئەنجامێکی دادپەروەرانە بوو.
سلۆت گوتیشی: نامەوێت بیانوو بێنمەوە، بەڵام گۆڵێکی دروستی ئێمە رەتکرایەوە، ئەم گۆڵە رەنگە هەموو شتێکی لە یارییەکە گۆڕیـبووایە، من ناڵێم بەهۆی ئەمە ئێمە یارییەکەمان دۆراند، ئێمە کێشەمان هەبوو، ئەوەی کە پێوستە باسی بکەم رکابەریکردنە لە خولەکە، ئێستا ئێمە بۆ پلەكانی حەوتەم و هەشتەم دابەزین، مانسیتی نزیکبووەتەوە لە ئارسێنال، بەڵام جیاوازی ئێمە و دووەم تەنیا چوار خاڵە، وەرزەکە بەتەواوی 38 یارییە دەتوانین بێینەوە نێو رکابەرییەکە.
گواردیۆلا: حەز نەدەكرد نیوەی دووەم یاری بكەین
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی لە دوای یارییەكە رایگەیاند زۆر چێژی لە یارییەكەیان بەرامبەر لیڤەرپوول بینیوە، دەشڵێت: حەزم نەدەكرد نیوەی دووەم بەرامبەر لیڤەرپوول یاری بكەین.
گواردیۆلا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد لە نیوەی یەكەم لەرووی هێرشبەری بەرگرییەوە ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كردووە، دەشڵێت: یاریکردن بەتۆپ ئەرکی بەرامبەر قورستر دەکات، ئەرکی یاریزانەکانی ناوەراست قورسە، هەروەها دوکۆ لەگەل رایان چیریکی زیاتر یارییەکە بردووە لای چەپ، کەمتر فشارەکان لای راستبوون، سوپاسی یاریزانەکان دەکەم زۆر دڵخۆشیان کردم.
گواردیۆلا گوتیشی: یاریکردن بەرامبەر ڤان دایك و محەمەد سەڵاح قورسە، رکابەری زۆرمان هەبوو، هەموو کات گوتوومە ئەم قسەیە راست نیە کە دەڵێن ناسناوەکان لە مانگی 9 و 10 یەکلا دەبێتەوە، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت ببێتە پاڵەوان دەبێت لەسەر مانگەکان تیپێکی بەهێزی هەبێت.
مان سیتی بۆ بردنەوەی پرێمەرلیگ بەربژێر دەكات
ئالان شیرەر، گۆڵكاری مێژوویی پێشووی نیوكاسڵ یونایتد لە لێدوانێكدا رایگەیاند مان سیتی بەرەو هەستانەوە دەچێت، دەشڵێت: پێموایە دۆخی مان سیتی بەرەو جێگیری رۆیشتووە و گواردیۆلا كێشەكانی تیپەكەی چارەسەر كردووە و فشارێكی زۆر لە هەفتەكانی داهاتوو دەخاتەوە سەر ئارسێناڵ، واهەست دەكەم مان سیتی ئەم وەرزە جارێكی دیكە دەتوانێت ناسناوی پرێمەرلیگ بباتەوە.
