ڕەشاد میران بۆ کوردستان24: شانازی دەکەم وەک کوردێک ئەم خەڵاتەم پێبەخشرا
ڕەشاد میران، دوای وەرگرتنی ئەو خەڵاتەی لەلایەن سەرۆکی ڕووسیاوە، ئاماژە بەوە دەکات، شانازی دەکات بەوە وەک کوردێک ئەم خەڵاتەی پێبەخشراوە.
دووشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕەشاد میران، نووسەر و وەرگێر، بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: لە بەرانبەر ئەو خزمەتەی لە بواری وەرگێڕاندا لە ڕووسیەوە بۆ کوردی کردوومە، دەستخۆشی و پێزانینی بەرپرسانی ڕووسیای بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە لە لایەن ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا، خەڵاتکرام.
ڕەشاد میران گوتی: ئەم خەڵاتە بۆ من تا ئاستێک مایەی خۆشحاڵییە وەک ئەوەیە بەری ڕەنجی خۆمم دووریبێتەوە و هەروەها نیشانەی گرنگیدانی وڵاتی ڕووسیایە بە کولتور و زمانی وڵاتەکەیان و هەر کەسێکیش کە خزمەتێک بە زمانەکەیان بکات.
ڕەشاد میران ئاماژەی بەوە دا، لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا دیدارێکی کورتخایەنی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ئەنجامداوە و پێی ڕاگەیەندووە هیواخوازە سەردانی کوردستان بکات و پۆتینیش لە وەڵامدا گوتویەتی بە خۆشحاڵییەوە، هەروەها ڕووسیا بە شێوەیەکی ئەرێنی لە کورستان دەڕوانێت.
ڕەشاد میران لەبارەی کاری داهاتوویەوە بۆ کوردستان 24ـی ئاشکرای کرد، بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردن لەرێگای وەرگێڕانەوە و هەر کاتێک کتێبێک یان بابەتێکی بەپێز لەسەر زمانی کوردی دەربچێت وەریدەگێڕیت، جەخت لەوە دەکاتەوە، ڕووسیا ناوەند و پسپۆری تایبەت بە توێژینەوە لە زمانی کوردی هەیە و ساڵانە بەردەوام بەرهەمی جۆراوجۆر بڵاودەکەنەوە.
سێشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2025 کە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی (ڕۆژی یەکگرتوویی نیشتمانی) لە وڵاتی ڕووسیا، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەچوو. ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا میدالیای پووشکینی بە زانا و کەسایەتی ناوداری کورد و کوردستان پرۆفیسۆر ڕەشاد میران بەخشی.
ئەم خەڵاتە لە ساڵی 1999ـەوە پێشکەش بەو کەسایەتییانە دەکرێت کە لە بوارەکانی کولتووری و هونەری و زانستە مرۆڤایەتییەکان بەشداری کاریان هەبووە لە لێکۆڵینەوە و پاراستن و بڵاوکردنەوەی کولتووری ڕووسیا.
پرۆفیسۆر ڕەشاد میران بووە یەکەم کەس لە ناو کورددا کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت و لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا سوپاسی سەرۆکی ڕووسیای کرد و گوتی: زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم بۆنەیە تایبەتەدا ئەو میدالیایەم پێ دەبەخشرێت، جێگەی شانازییە کە کار و هەوڵەکانی من وەک زانایەکی نەژادناس لەلایەن ڕووسیای بایەخیان پێدراوە.
ڕەشاد میران، پسپۆڕی کۆمەڵناسی و ئەتنۆگرافیایە کە بە واتای میللەتناسی و دیراسەکردنی مێژوو کولتوور میللەتان دێت، پسپۆڕانی ئەنتۆگرافی تایبەتمەندی کلتوریی و ئەو دیاردە سەرنج ڕاکێشانەی لە ناو میللەتانداهەیە دەخەنە ژێر شیکردنەوە و دیراسەوە.
