لە شارێكی ئەمەریكا پشتگیری هاندەرانی زاخۆ دەكرێت
هەڵمەتی كەمپەینی هاندەرانی زاخۆ لە سەرتاسەری جیهان فراوانتر دەبێت
دوای ئەوەی هاندەرانی یانەی زاخۆ لە لایەن فیفا بەربژێركران بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین هاندەرانی 2025 لە جیهان، شارێكی ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ هاندەرانی زاخۆ دەربڕی.
بە فەرمی فیدراسینی تۆپی پێی جیهان ناسراو بە فیفا، هاندەرانی زاخۆی بەربژێر كرد بۆ ئەوەی لە مەراسیمی بەخشینی خەڵاتەكانی "زە بێست" وەكو باشترین هاندەری جیهان بۆ ساڵی 2025 خەڵات بكرێن.
شاری مۆرهیدی ئەمەریكا، لە پێگەی فەرمی خۆیان لە سۆشیاڵمیدیا بەیاننامەیەكیان بڵاو كردووەتەوە و داوا دەكەن لە سەرتاسەری جیهان پشتگیری هاندەرانی زاخۆ بكەن.
لە بەیاننامەكەدا نووسراوە: دۆستایەتییەكی جوان لە نێوان ئێمە و زاخۆدا هەیە، داوا دەكەین یارمەتی هاندەرانی زاخۆ بدرێت و لە پێگەی فەرمی فیفا دەنگ بە هاندەرانی زاخۆ بدەن بۆ ئەوەی خەڵاتی "زە بێست" وەكو باشترین هاندەرانی جیهان وەربگرن.
لە لایەكی دیكەیشەوە، دەستەی هاندەرانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە سۆشیاڵمیدیا داوا لە هاندەرانیان دەكەن دەنگ بە هاندەرانی زاخۆ بدرێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت هاندەرانی زاخۆ وەكو وەفایەك بۆ كۆچی دوایی دیێگۆ جۆتا، وێنەیەكی ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییەیان لەنێو یاریگە بەرز كرد و تێیدا دڵتەنگی خۆیان بۆ مردنی ئەو یاریزانە پۆرتوگالییەی لیڤەرپوول دەربڕیبوو.
لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان و عێراقیش هاندەرانی یانەكان و ئەستێرە ناودارەكان لە رێگەی سۆشیاڵمیدیا پشتگیری خۆیان بۆ هاندەرانی زاخۆ دەربڕیوە و داوا دەكەن دەنگ بە هاندەرانی زاخۆ بدرێت. هەروەها كوردستان24ـیش كەمپەینێكی بۆ پشتگیری كردنی هاندەران لە شارەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاندووە.
وەرزی رابردوو لە خولی ئەستێرەكانی عێراق، هاندەرانی زاخۆ پێش یارییەكەیان بەرامبەر حدوود لە رۆژی 13ـی ئایاری ئەمساڵ، 30 هەزار بووكەڵەیان فڕێدایە نێو یاریگە، دواتر سەرجەم بووكەڵەكانیان كۆكردەوە و بەخشرایە ئەو منداڵانەی بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی تووشبووانی شێرپەنجە، ئەم هەڵوێستەی هاندەرانی زاخۆ وایكرد بە فەرمی فیفا هاندەرانی ئەو یانە كوردستانییە هاوشانی هاندەرێكی ئیسپانیا و ئەرجەنتین بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین هاندەرانی ساڵ بەربژێر بكات.
