"3 ئەستێرەی ریال مەدرید لە ئالۆنسۆ یاخیـبـوون"
فلۆرێنتینۆ پێرێز لە ئاستی ریال مەدرید لەژێر سەرپەرشتی ئالۆنسۆ رازی نییە
بەگوێرەی سەرچاوەیەكی راگەیاندنی ئیسپانیا، 3 یاریزانی نێو ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید لە راهێنەرەكەیان یاخیبوون، ئەمەش لە كاتێكدایە ئالۆنسۆ لەم دواییە بەهۆی ناجێگیری لە ئەنجامەكانی، رووبەڕووی فشارێكی زۆر بووەتەوە.
ریال مەدرید ئاستی بەرەو دابەزین رۆیشتووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبە لیڤەرپوول دۆڕا، پاشان لە لالیگا نەیتوانی لە رایۆ ڤاییكانۆ بباتەوە، تەنانەت بەشێك لە شرۆڤەكارانی وەرزشی بردنەوەكەی ریال مەدریدیش لە كلاسیكۆ 2 ـ 1 لە بارسێلۆنا زیاتر بۆ خراپی یانە كەتەلۆنییەكەیان گەڕاندەوە، نەك بۆ ئاستبەرزی تیپەكەی ئالۆنسۆ.
بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵەكانی ئیسپانیا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆكی یانەی ریال مەدرید لە ئاستی ریال مەدرید لەژێر سەرپەرشتی ئالۆنسۆ رازی نییە، پێیوایە ئەو راهێنەرە لاوە نەیتوانیوە كۆنترۆڵی ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید بكات كە پڕیەتی لە باشترین یاریزانەكانی جیهان.
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانیا، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە پەیوەندی نێوان چابی ئالۆنسۆ و ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید تێكچووە و لەنێو تیپەكە درز و ئاڵۆزی دروست بووە، تەنانەت 3 یاریزانی یانەكە (جود بێلینگهام، ڤینسیۆس جۆنیۆر و فیدی ڤاڵڤێردی) لە ئالۆنسۆ توڕەن و یاخیبوونە.
رۆژنامەكە نووسیویەتی ڤینسیۆس جۆنیۆر بڕیاری داوە لە ریال مەدرید بڕوات ئەگەر ئالۆنسۆ بۆ ساڵی داهاتوو لە ریال مەدرید بمێنێتەوە، جگە لەوەش ڤاڵڤێردی چیتر قبوڵ ناکات وەک فووڵباك و بەرگریكاری پشتەوە یاری بكات.
راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە بەشێك لە یاریزانەكان هەست بە هیلاكی دەروونی دەكەن بەهۆی ئەو هەموو زانیارییە تەكنیكی و ئەو هەموو دانیشتن و ڤیدیۆییانە كە لەلایەن ئالۆنسۆ پیشانی یاریزانانی ریال مەدرید دەدرێت، تەنانەت یاریزانەكان پێیانوایە ئالۆنسۆ رێگە نادات یاریزانەكان بەخواستی خۆیان یاری بكەن و بەخواستی خۆشیان بۆچوونەكانیان دەرببڕن.
چابی ئالۆنسۆ لە هاوینی رابردوو ئەركی راهێنەرایەتی ریال مەدریدی وەرگرت، لەگەڵ یانەكە لە كۆی 22 یاری، 17 بردنەوە، 2 یەكسان و 3 شكستی هەیە.
