مسقاڵێک زێڕ 15 هەزار دینار گرانبوو
نرخی زێڕ جارێکی دیکە بەرزبووەوە؛ مسقاڵێک زێڕ لە هەرێمی کوردستان 15 هەزار دینار گرانبوو.
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان و هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکرد، بە جۆرێک لە دوێنێ چوارشەممەوە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، نرخی مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکان نزیکەی 15 هەزار دینار گرانبووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2025، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان گەیشتە چوار هەزار و 218 دۆلار بۆ هەر ئۆنسێک، کە بەرزبوونەوەی 100 دۆلار نیشان دەدات لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا.
لە بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشدا، نرخی مسقاڵێک لە زێڕی عەیارە 21 بە 844 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا، لە کاتێکدا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا 805 هەزار دینار بوو.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ چەند هۆکارێکی ئابووری دەگەڕێتەوە، لەوانە زیادبوونی ئەگەرەکانی کەمکردنەوەی ڕێژەی سووی بانکی لە ئەمەریکا.
سەرەڕای کۆتاییهاتنی درێژترین داخستنی حکوومەتی ئەمەریکا و دابینکردنی بودجە، کۆشکی سپی هۆشداریداوە لە ئەگەری دواکەوتنی ئامارەکانی بازاڕی کار و ڕێژەی هەڵاوسان بۆ مانگی ئۆکتۆبەر.
ئەم نیگەرانییە بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر زێڕ وەک سەرمایەیەکی سەلامەت. هاوکات، ئامارەکان ئەوەیان دەرخستووە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا کۆمپانیاکانی ئەمەریکا هەلی کاری کەمتریان ڕەخساندووە.
