ئۆتۆمبیلێکی چینی دەچێتە نێو کتێبی پێوانەیی گینس
ئۆتۆمبیلی Hongqi HS6، کە کۆمپانیای FAWـی چینی دروستی دەکات، بەهۆی تۆمارکردنی ڕیکۆڕدێکی نوێی ئۆتۆمبیلی کارەبایی، چووە نێو کتێبی پێوانەیی جیهانی کە بە کتێبی (گینس) ناسراوە.
تۆمارکردنی پێوانەکەی ئەو ئۆتۆمبێلە چینییە دوای ئەوە هات، کە توانی لە گەشتێکدا بەبێ ئەوەی پێویستی بە بەنزین یان بارگاویی کارەبایی بێت، دووری 2327 کلۆمەتری بڕی، بەمەش نوێترین پێوانەی کتێبی گینسی تۆمارکرد.
ئۆتۆمبیلەکە لە شاری شانگرێللاوە بەرەو چەند شارێکی دیکەی چین گەشتەکەی درێژە پێدا و لە کۆتاییدا گەیشتە شاری گوانگچۆ و هەموو ڕێگەکەشی زۆر بە نەرمی بڕی و گەشتەکە بە شێوەیەکی فەرمی تۆمارکرا، بەمەش کۆمپانیای FAW سەرکەوتنێکی تۆمارکرد لەبواری بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلی هایبرێد کە بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی ناسراون.
ئەو دەستکەوتەی کۆمپانیاکە لە کاتێکدا دێت کە کۆمپانیای FAW ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ خستنەڕووی ئۆتۆمبێلەکە، کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نمایشی بکات.
بە گوێرەی شارەزایان ئۆتۆمبێلەکە جگە لە دیزاینە جیاوازەکەی دەرەوەی، بزوێنەرێکی بەنزینی تۆربۆی 1.5 لیتری و ماتۆڕی کارەبایی هەیە، ئەم بزوێنەرانە پێکەوە هێزێکی هاوتای 495 هۆرسپاوەر بەرهەمدەهێنن، دیزاینی ناوەوەشی زۆر بە ناوازەیی دروستکراوە، کە سیستەمی مالتیمیدیای پێشکەوتوو و شاشەیەکی 12.3 ئینج و سوکانێکی (touch) بۆ کۆنترۆڵکردنی زۆرێک لە تایبەتمەندی و تەکنەلۆجیاکانی ئۆتۆمبێلەکە لەخۆ دەگرێت.
