کۆندێ ناست تراڤڵه‌ر: هه‌ولێر یه‌ک‌ له‌ باشترین شوێنه‌کانی ئاسیایە بۆ گه‌شتی 2026

گۆڤاری به‌ناوبانگی گه‌شتیاریی کۆندێ ناست تراڤڵه‌ (Condé Nast Traveler) لیستی باشترین شوێنه‌کانی ئاسیای بۆ گه‌شت له‌ ساڵی 2026 بڵاوکرده‌وه‌.

گۆڤارەکە له‌ ڕاپۆرتێکیدا ئاماژە‌ی به‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان کردووه‌ وه‌ک یه‌کێک له‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌ هه‌ره‌ سه‌رنجڕاکێشه‌کانی ئاسیا.

به‌پێی ڕاپۆرته‌که‌، ئاسیا گه‌نجینه‌یه‌کی پڕە‌ له‌ جوانی جۆراوجۆر، له‌ ئاسمانی بڵندترین تاوه‌ره‌کانه‌وه‌ تا کۆڵانه‌ مێژووییەکان، له‌ خواردنی لوکس به‌ سه‌رپه‌رشتی شێفه‌ به‌ناوبانگه‌کانه‌وه‌ تا میوانداری له‌ لوتکه‌ی گرد و چیاکان، ئه‌م لیسته‌ که‌ له‌لایه‌ن تۆڕی نووسه‌رانی گۆڤاره‌که‌وه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری کیشوه‌ره‌که‌ ئاماده‌ کراوه‌، ڕە‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م جۆراوجۆرییه‌ نائاساییه‌یه‌.

هه‌ولێر.. گه‌نجینه‌یه‌کی مێژوویی: 

گۆڤاره‌که‌ ڕوونیکردووه‌ته‌وه‌ که‌ گه‌شتیاران له‌وانه‌یه‌ به‌دوای هۆکارێکدا بگه‌ڕێن بۆ ‌ ئاشنابوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شوێنه‌ گه‌وره‌ و ناسراوه‌کاندا، وه‌ک شاری ئۆده‌یپوری هیندستان که‌ چه‌ندین هوتێلی نوێی تێدا کراوه‌ته‌وه‌ و ڕوانینێکی سه‌رنجڕاکێشی دروست کردووه‌. به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی به‌دوای شوێنی نه‌ناسراودا ده‌گه‌ڕێن، ساڵی 2026 ساڵی گه‌شتیاران ده‌بێت بۆ هه‌ولێر.

له‌ ڕاپۆرته‌که‌دا هاتووه‌: هه‌ولێر، پایته‌ختی کوردستانی عێراق، که‌ به‌ قه‌ڵا 6 هەزار ساڵییه‌که‌ی ناسراوه‌، مێژووه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی ده‌پارێزێت، هاوکات هەولێر هەوڵی داهاتووێکی پڕ لە ئاشتییانه‌ دەدات، ئه‌مه‌ش ئاماژە‌یه‌کی ڕوونه‌ بۆ به‌های بەرزی مێژوویی و که‌لتووریی شارەکە، له‌گه‌ڵ ئیراده‌ی گه‌شه‌پێدان و ده‌رچوون له‌ سێبه‌ری ڕابردوودا.

گۆڤارەکە نووسیوویەتی: هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، وەک ناوەندێکی ئارام و پڕ لە کولتوور، مێژوو و جوانی سروشتی، سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، قەڵای دێرینی هەولێر، کە هەزاران ساڵە شایەتی مێژووی پڕ لە گۆڕانکاریی ناوچەکە بووە، ئێستا چاودێری سەردەمێکی نوێی گەشەسەندن و پێشوازی لە ژمارەیەکی پێوانەیی گەشتیار دەکات.

نووسیوویەتی: بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەکی زۆری گەشتیار ڕوو لەم شارە دەکەن، هاوکات ژمارەیەکی بەرچاو هۆتێلی نوێ کراونەتەوە، ئەمەش نیشانەیەکە بۆ هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گۆڕینی وێنەی ڕابردوو و پێشوازیکردن لە جیهان.

پڕۆژەی سەردانی کوردستان (Visit Kurdistan)، کە پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەتە و پشتگیری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە پشتە، ساڵی 2025 دەست بەکار بووە، ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕاکێشانی 20 ملیۆن گەشتیار بۆ هەرێم تا ساڵی 2030.

باڵەخانە بەرزەکان:

گۆڤارەکە نووسیوویەتی: لە ئەمڕۆدا، بیناسازییە بەرزەکان هەولێریان ڕازاندووەتەوە، ئەمەش نیشانەی مۆدێرنبوونی شارەکەیە. پڕۆژەی نوێی وەک ئەربیل ئەڤینیو (Erbil Avenue)، کە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونە و چەندین براندی جیهانی وەک گۆردۆن ڕامزی ستریت بێرگەر (Gordon Ramsay’s Street Burger)، ئی ئێڵ ئەند ئێن لەندەن (EL&N London)، سی زێد ئێن بوراک (CZN Burak)، و ئەنتریکۆت کافێ دی پاریســی (Entrecote Cafe de Paris) لەخۆگرتووە، لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

دەشڵێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی ئامادە دەکات بۆ کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی لە جیهاندا لە یەکێک لە گەڕەکە گەورەکانی هەولێ،  باسیش لەوە دەکرێت کە ئەکادیمیایەکی تۆپی پێی لاوانی یانەی ڕیاڵ مەدریدیش خەریکە لە هەولێر بکرێتەوە.

ئاماژەی بەوە کردووە، هەولێر بە کولتووری دەوڵەمەند و سروشتی جوان و خەڵکە فرە نەتەوەییەکەیەوە، سەرباری مێژووی پڕ لە گۆڕانکاری، ئێستا لەسەر ڕێگای گەشەسەندنێکی خێرایە و دەخوازێت ببێتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment