کریستیانۆ رۆناڵدۆ مەترسی لەسەرە و چەند یارییەك لە مۆندیال رادەگیرێت
بەهۆی کارتە سوورەکەوە رەنگە کریستیانۆ رۆناڵدۆ زیاتر سزا بدرێت
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی ئەو کارتە سوورەی لە یاریی بەرامبەر ئێرلەندا وەریگرت، لەوانەیە لە دوو یاریی دەستپێکی مۆندیالی 2026 بێبەش بێت.
کەناڵی بی بی سی ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی کارتە سوورەکەی بەرامبەر ئێرلەندا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بۆ دوو یاریی سڕ دەکرێت، چونکە بەگوێرەی یاساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا هەر یاریزانێک راستەوخۆ کارتی سوور وەربگرێت بۆ دوو یاریی سڕ دەکرێت، بەڵام لەوانەیە سزایەکەی دۆن زیاتر بێت و بۆ سێ یاریی سڕ بکرێت.
رۆژنامەی ریکۆردی پۆرتوگاڵی ئاشکرایکردووە، لەوانەیە لێژنەی تەمبێکردن لە یوێفا پێداچوونەوە و لیكۆڵینەوە لە کارتە سوورەکەی کریستیانۆ بکات و بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بەرگریکارەکەی ئیرلەندا بۆ سێ یاریی سڕ بکرێت، بەمەش دۆن لە دوو یاریی سەرەتای مۆندیالی 2026 بێبەش دەبێت.
پۆرتوگاڵ لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال یەک یاریی بەرامبەر ئەرمینیا ماوە و دۆن لەو یارییە بێبەش دەبێت، ئەگەر سزایەکەی بۆ سێ یاریی بەرز بێتەوە، ئەوا لە دوو یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی ساڵی داهاتووش بێبەش دەبێت.
