بەرگریی شارستانیی سۆران هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاندووە: بە هۆی پێشبینییەکانی کەشناسی لە هەرێمی کوردستان، ئەگەری هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین لە ناوچەکە هەیە، هاووڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن.
ئەمڕۆ شەممە 15ی تشرینی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە بارەی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا، هۆشداری داوەتە هاووڵاتیانی ناوچەکە، ئەگەر کارێکی بە پەلە و پێویستیان نەبوو، سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینییەکانی کەش و هەوادا ئاماژە بە هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین دەکەن، بۆیە بۆ سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان، بۆ ئەوەی دووربن لە زیانی گیانی و ماددی، ڕایدەگەینن، ئەگەر ناچار نەبوون ئەم رۆژانە سەردانی ناوچە شاخاوییەکان، دۆڵ و قەراغی ڕووبارەکان نەکەن، بە تایبەت ئەو ناوچانەی ساڵانە لافاو و کۆبونەوەی ئاو تیایاندا ڕوودەدەن.
ئەمڕۆ شەممە، 15-11-2025، کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ، ئاسمان نیمچە هەور و باراناوی بێت، لە زۆربەی ناوچەکانیش باران لەسەرەخۆ و بۆ مامناوەند دەبارێت و خێرایی با لە گەڵیدا چالاک دەبێت، ئاماژەی بەوەش داوە، لە دوای نیوەڕۆوە هەندێ شوێن بارانی بە لێزمە و هەورە تریشقەی دەبێت، هەروەها پێشبینی بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاویە سنووریەکاندا هەیە، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک نزمتر دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش داوە، پێشبینی دەکرێت کەشی سبەى یەکشەممە، 16-11-2025، ئاسمان هەور و باراناوی بێت، لە زۆربەی ناوچەکانیش باران لەسەرەخۆ و بۆ مامناوەند دەبارێت لە هەندێ کات و شوێن بارانی بە لێزمە و هەورە تریشقەی هەیە. هەروەها پلەکانی گەرماش بەگشتی نزیک دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
