تیروپشکی ناوی حاجییانی ساڵی 2026 ئەنجام درا
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، تیروپشکی ناوی ئەو هاوولاتییانەی خۆیان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمار کردووە ئەنجام درا.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار پرۆسەی ناوتۆمارکردن بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچوو. ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی نوێبوونی سیستەمەکەوە، پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوەی ناوەکان کاتی زیاتری ویستووە، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی ئەنجامدانی تیروپشکەکە.
بە گوتەی ستوونی، 89 هەزار هاووڵاتی ناوی خۆیان تۆمار کردووە. بەهۆی ئەم ژمارە زۆرەوە، مەرجێکی نوێ زیاد کراوە کە هەر کەسێک پێشتر فەریزەی حەجی ئەنجام دابێت، ناوی ناچێتە تیروپشکەوە. لە ئەنجامدا، هەزاران ناو لە لیستی خوازیاران دەرهێنراون.
گوتەبێژی حەج و عەمرە جەختی کردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین، پرۆسەکە بە ئەلیکترۆنی کراوە. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاوڵاتییان، چونکە پێشتر هاووڵاتییان دەبوو بڕی 50 هەزار دینار و دواتر 25 هەزار دیناریان بۆ ناونوسین بدەن، ئێستا پێویست ناکات هاوڵاتییان سەردانی فەرمانگەکان بکەن و تووشی قەرەباڵغی و ڕۆتین ببنەوە.
لینکی ناوی دەرچووانی حاجیانی ئەمساڵ
